دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٥ ساڵ لە لیستی "٤٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا" ھاتەدەرەوە.
دەزگای میدیایی فۆربس کە لیستەكهی ئامادە کردووە، ئەوەی ئاشکراکرد کە ناوی دۆناڵد ترەمپ لەناو لیستەکەدا نییە.
فۆربس ئەوەشی
خستوەتەڕوو، سەروەتەکەی ترەمپ نزیکەی ٢.٥ ملیار دۆلارە و بە جیاوازی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار
پێگەی خۆی لە لیستی "٤٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا"دا لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە تا ئێستا، ترەمپ ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە.
ئەمەش
لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦دا بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرا لە
ریزبەندی ١٥٦مینی لیستی "٤٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا"دا بوو، بەڵام
کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٠دا کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ھات، بۆ ریزبەندی ٣٣٩ی لیستەکە
دابەزی.
لە ریزبەندی یەکەمی
لیستەکەدا، جێف بێزۆس بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەمازۆن بە ٢٠١ ملیار دۆلار و بەدوای ئەویشدا
ئیڵۆن مهسک دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە ١٩٠.٥ ملیار دۆلار
لە ریزبەندی دووەم دایە.