سەردێڕ:

بڕیارێک لەبارەى دەنگدانى ئاوارەکانى هەرێم درا

PM:10:48:01/10/2021

8072 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان لە ژێر چاودێری وردی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ هەینی، عەلی عەباس بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری لقەکان لەوەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەت گرنگییەکی تایبەت دەدات بە پرۆسەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان و بۆ ئەم بەمەستەش لەنێوان وەزارەت و کۆمسیۆن لیژنەی هاوبەش پێکهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دەنگدان لەکەمپەکان لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی لە کەمپەکانی هەرێم.

عەلی عەباس ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی ئاوارەکان ناتوانن لە شوێنی خۆیان دەنگبدەن، هەربۆیە لە پارێزگای دهۆک لەناو کەمپەکاندا ٢٤ بنکەی دەنگدان و لە پارێزگاری سلێمانیش لە نزیک کەمپەکان بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخان کراوە.

باسی لەوەشکرد، ئاوارەکان لەناو کەمپەکاندا و بە چاودێری لایەنە نێودەڵەتیەکان بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەنگ دەدەن.

لەبارەی ئەو ئاوارانەی لەدەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری لقەکان لەوەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەو ئاوارانە تەواوی زانیارییەکانیان نوێ کردوونەتەوە و بنکەی دەنگدانیان لە هەریەک لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ تەرخانکراوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە ئازادن لەوەی رۆژی دەنگدان چی دەکەن.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان. لەلایەن خۆشییەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکانی ئامادەکردووە و رێکارە یاسایییەکان گیراونەتەبەر و هەموو شتێک ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەوادەى خۆیدا.

 


کـ ، ئـ













گەلەری