سەردێڕ:

پێشبینییەک بۆ یەکەم بارانى وەرزى پایز

PM:08:52:01/10/2021

120216 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکى کەشناسى پێشبینییەکانى بۆ یەکەم باران بارینى وەرزى پایز راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد "پێشبینى دەکرێت لەم مانگەدا یەکەم باران لە وەرزى پایزدا ببارێت".


نائیل عەلی شارەزاى کەشناسى لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد ، تا دە رۆژی داهاتوو هیچ پێشبینییەک نییە بۆ باران بارین لە سەرتاسەری وڵاتدا.

دەشڵێت، بە گوێرەی پێشبیینیەکان رەنگە لە مانگی تشرینی یەکەم و دووەم لەهەندێ ناوچە بارانێکی کەم ببارێت، پێشبینییەکانیش جیگیر نین و دەکرێ بگۆڕێن.

وتيشى "لەمڕۆوە تا رۆژی سێشەممە پلەکانی گەرما بەرزترین تێکڕایی خۆی تۆماردەکات بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوری وڵات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رۆژی سێشەممەوە پلەکانی گەرما لە باشوری وڵات دەست بە نزمبوونەوە دەکەن.

هاوکات ئەمڕۆ هەینی، سادق عەتییە کەشناسی عێراقی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوامدەبێت.

دەشڵێت، لە رۆژی دووشەممەوە لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و خۆرئاوای وڵات پلەکانی گەرما دەگەڕێنەوە بۆ تێکڕایی ئاسایی خۆیی.

هەر ئەمڕۆش، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم رایگەیاند، پلەكانی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام سبەینێ‌ ئاسمانی هەولێر پەڵە هەوری تێدا دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی ١٠ رۆژە، وەرزی پایز دەستیپێکردووە و وەرزی هاوین کۆتایی هات، بەو پێیەش پلەکانی گەرما گۆڕانی بەسەرداهات و لەهەندێ ناوچەش بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان باران باری.

 


کـ ، ئـ













گەلەری