سەردێڕ:

هەواڵێکی خۆش لەتەندروستی جیهانییەوە لەبارەی کۆرۆناوە

PM:11:32:29/09/2021

95476 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "لە هەفتەی رابردووەوە رێژەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتاى کۆرۆنا لەسەرانسەری جیهاندا بەردەوامە لە داکشان".


پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دووساڵ بەسەر سەرهەڵدانی پەتاى کۆرۆنا، ئەمڕۆ رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لەمیانەی راپۆرتی هەڵسنەگاندنی خولی خۆیدا ئەوەی خستوەتەڕوو، "٣.٣ ملیۆن حاڵەتی توشبوونی نوێ و نزیکەی ٥٥٠ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتاى کۆرۆنای تۆمارکردووە، بەمەش بەرێژەی ١٠٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە".

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین رێژەی کەمبوونەوەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتاى کۆرۆنا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری زەریای هێمن و هەردوو ئەمریکا تۆمارکراوە".

بۆ یەکەم جار، پاش چەندین مانگ لە شەپۆلی خێرای بڵاوبوونەوەی، رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دابەزین و کەمبوونەوەی رێژەی توشبووان و گیانلەدەستدانی بە پەتاى کۆرۆنا راگەیاند.

هەر لە راپۆرتەکەشیدا، ئەو رێکخراوە جیهانییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، "کۆی ئەو ناوچانەی جیهان کە رێژەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتاى کۆرۆنای تێدا کەمبووەتەوە؛ بەرێژەی ١٥٪ یان لەو کەمبوونەوەیە تۆمارکردووە". ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا ئەوروپا رێژەیەکی بەرچاوی لە توشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتاى کۆرۆنا تۆمارکردووە، لە ئەفریقاش بەرێژەی ٥٪ هەڵکشاوە".

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هۆشداری لە بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون بە پەتاکە دەدات و دەڵێت، "بەچوونە نێو وەرزی زستانەوە لە بەشی باکووری گۆی زەوی، ئەگەری هەڵکشانی رێژەی توشبوون بە پەتاى کۆرۆنا دەکرێت، چونکە پەتاکە بەشێوەیەکی ئاسانتر لە وەرزی زستاندا بڵاودەبێتەوە.

لەدوای سەرهەڵدانی پەتاى کۆرۆنا، بەمەبەستی چارەسەرکردن و بنەبڕکردن و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاکە، وڵاتانی جیهان کێبڕکێیان دەستپێکرد بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە و تائێستاش ژمارەیەک ڤاکسین لەوانەش ئەسترازینیکا، فایزەر، سینۆفارم و ڤاکسینی بەرهەمهێنراوی چین بەرهەمهاتوون.

پەتاى کۆرۆنا، لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا لەشاری ووهانی چین بڵاوبووە و تائێستاش، ٢٣٣ ملیۆن و ٨٣١ هەزار و ٨٠ کەس توشی پەتاکە بوون، چوار ملیۆن و ٧٨٣ هەزار و ٧٢٣ کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.


نەورەس غەریب













گەلەری