سەردێڕ:

پاسپۆرت دەدرێت بە پەنابەرانی عێراقی لە لیتوانیا

PM:03:37:27/09/2021

12372 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دەستدەکات بە پێدانی پاسپۆرت بەو پەنابەرە عێراقییانەی لە سنوری نێوان بیلاروسیا و لیتوانیا گیریان خواردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوە بەدەنگ داواکاری بەشێک لە پەنابەرانی گیرخواردووی عێراق لە سنورى نێوان لیتوانیا و بیلاروسیا دەچێت بە پێدانی پاسپۆرت پێیان.

ئاماژەی بەوەشدا، باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا شاندێکی ناردووە بۆ سنورەکانی نێوان بیلاروسیا و لیتوانیا بە ئامانجی پێدانی پاسپۆرت بەو پەنابەرانەی بەنیازن بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاتووە، یەکێکی دیکە لە ئامانجی ناردنی شاندەکەی باڵیۆزخانە بۆ ئەو ناوچەیە ئاگاداربوونە لە دۆخی مانەوە و گوزەران و پێداویستییە مرۆییەکانیان.

لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە وڵاتی لیتوانیا رووبەڕووی تەنگژەیەکی توندبووەتەوە لەئەنجامی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر پەنابەری نایاسایی لە رێگەی وڵاتی بیلاروسیاوە روویان لەو وڵاتە کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی چوار هەزار پەنابەری نایاسایی لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و لیتوانیا دەستگیرکراون و بەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە ٥٠ ئەوەندە زیادی کردووە.

 


کـ ، ئـ













گەلەری