سەردێڕ:

دوای یەک رۆژ لە کۆتاییهاتنی وادەکەی؛ بزانە مێرکڵ لەکوێ دەژی؟

PM:01:30:27/09/2021

26532 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، دای دەستبەرداربوونی لە پۆستی راوێژکاریی لە شوقەکەیدا لەبەرلین سەرقاڵی بەڕێکردنی ژیان دەبێت و خانوی بنەماڵەکەشییان لە ئۆکرمارک بەکاردەھێنێت.


ماڵپەڕی نۆڤۆستی روسی بڵاویکردەوە، ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ یواکیم سوێری ھاوسەری، کە ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی کیمیا و مامۆستای زانکۆیە، لەباڵەخانە چەند نھۆمییەکەیاندا لەناوەڕاستی بەرلینی پایتەخت پێکەوە دەژین.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، باڵەخانەکە لە سەدەی ١٩ دروستکراوە و سیاج و حەوشە و باخچەی نییە و ئەنگێلا مێرکڵ لە نھۆمی چوارەمدا، کە کۆتا نھۆمە دەژی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، باڵەخانەکەی مێرکڵ بەرامبەر مۆزەخانەی Pergamonmuseum  کە یەکێکە لە مۆزەخانە بەناوبانگەکان و بەسەر روکاری روباری شبریەدا دەڕوانێت.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا، لە باڵەخانەکەدا کەسانی بەتەمەنی خانەنشینکراو و پێش خانەنشینکراودەژین و لەدەروازەکەیدا یەک پۆلیس پاسەوانیدەکات و لەنزیکەوە ئۆتۆمبێلێک و مەفرەزەیەکی پۆلیس ھەیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ھەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونییەوە وەک راوێژکاری ئەڵمانیا و مانەوەی بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لەو پۆستەدا، ئەنگێلا مێرکڵ ئامادەنەبوو شوقەکەی بەجێبھێڵێت و لە یەکێک لە کۆشکە رازاوەکانی حکومەتی وڵاتەکەیدا ژیان بەسەربەرێت.
بەگوێرەی میدیا ئەڵمانییەکان، لە دەرەوەی باڵەخانەکە تابلۆیەک ھەیە کە  ناوی ئەوکەسانەی لەسەر تۆمارکراوە لەناو باڵەخانەکەدا دەژین، بەڵام پۆلیس رێگە نادات وێنەی تابلۆکە بگیرێت و لە کۆڵانەکە و شەقامەکەشیدا خۆپیشاندان سازبکرێت.
پۆلیس دەڵێت، پێویستە شەقامەکە بەردەوام بەچۆڵی بمێنێتەوە.
لە نزیک باڵەخانەکە چێشتخانەیەکی ئاسیایی ھەیە، خاوەنەکەی دەڵێت، "خاتو مێرکڵ جارجار سەردانی دەکات و نانێکی لا دەخوات".
یەکێک لە گارسۆنەکانی چێشتخانەکە وتی، مێرکڵ خانمێکی نیانە، بە جۆرێک دەتوانی زۆر بە ئاسایی و سادە قسەی لەگەڵ بکەیت و داوای لێبکەیت وێنەیەکیشی لەگەڵدا بگریت.
دەشڵێت، زۆرجار کە ئەنگێلا مێرکڵ سەردانییان دەکات داوای ژەمێک گۆشتی مراوی دەکات کە نرخەکەی بە ٧.٥ یۆرۆیە، کە دەکاتە نزیکەی ١٣ ھەزار دینار.
مێرکڵ کێیە؟
ئەنگێڵا دۆرۆتیا مێڕکڵ لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٤ لە ئەڵمانیا لە دایکبووە و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی کیمیای فیزیایدا. بۆ ماوەی ١٨ ساڵ، واتە تا ساڵی ٢٠١٨ سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی ئەڵمانیا بووە.
پاش شۆڕشەکانی ١٩٨٩ چووەتەناو دنیای سیاسەتەوە و ساڵی ١٩٩٠ بووەتە وتەبێژی حکومەتەکەی لۆسەر دی مایستیرە. ساڵی ١٩٩١ بووەتە وەزیری لاوان و رۆشنبیری حکومەت.
ساڵی ١٩٩٤ پۆستی وەزارەتی ژینگەی وەرگرتووە. پاش ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٨ پارتەکەی سەرناکەوێت، مێرکڵ بڕیاردەدات خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی پارتەکەی کاندید دەکات و دەبێتە یەکەم سەرۆکی ژن لە مێژووی ئەو پارتەدا.
ساڵی ٢٠٠٥ پارتەکەی و پارتی باڤاری و یەکێتی مەسیحی کۆمەڵایەتی و پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی ھاوپەیمانێتییەک پێکدەھێنن و مێرکڵ دەبێتە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمەش یەکەمجاردەبێت ژنێک ئەو پۆستە بگرێتەدەست.
لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ پارتەکەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەھێنێت و مێرکڵ پەشتیوانی پارتی دیموکراتی ئازاد ھاوپەیمانێتیەک دروستدەکات. ھاوکات لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی بەدەستھێنانی رێژەی ٤١.٥٪ بەھاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی سۆشیاڵدیموکراتی ئازاد حکومەتیان پێکھێنا.
لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ١٤ی ئازاری ٢٠١٨ چوار خول بە راوێژکاری ئەڵمانیا ھەڵبژێردرایەوە. پاش ھەڵبژاردنەوەی بۆ جاری چوارەم لە ساڵی ٢٠١٨ کۆتا خولی خۆکاندیدکردن و سەرکەوتنی بوو کە تا ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١.
ساڵی ٢٠٠٧ مێرکڵ بووە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و سەرۆکایەتی کۆمەڵەی ھەشتی کرد. کە دووەم ژن بوو ئەو پۆستە بگرێتە دەست. ھاوکات لە چەندین رێککەوتننامەدا رۆڵی کاریگەری گێڕاوە لەوانەش، پەیماننامەی لشبۆنە، راگەیاندنی بەرلین.
لە روبەڕوبوونەوەی گرفتە نێودەوڵەتییەکانی وەک پەیوەندی ئەتڵەسی بۆ بەھێزکردنی ئابوری و ئیدارەدانی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا و چاکسازی کردنی سیستمی تەندروستی و کێشەکانی داھاتووی گۆڕانکاری کەشوھەوا و دۆسییەی کۆچبەران رۆڵی گرنگی بینیەوە.
لەسەر ئاستی جیھانیدا، گۆڤاری فۆربس دوو جار بە بەھێزترین کەسایەتی جیھان وەسفیکردووە. لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ گۆڤاری تایم بە کەسایەتی جیھان وەسفیکرد و وێنەکەشی بە ناوی راوێژکاری جیھانی ئازاد لەسەر بەرگی گۆڤارەکە بڵاو کردەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنگێڵا مێرکڵ بۆماوەی ١٦ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیابووە و لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات و جیھان کاریگەری و رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و نەخشەی سیاسی جیھانی. لە دوا دەستکەوتەکانی توانی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە روبەڕوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە و بە یەکێک لە سەرۆکە سەرکەوتووەکانی جیھان ھەژماربکرێت.

کامەران ئەحمەد












گەلەری