سەردێڕ:

عێراق بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتی مانگی ئابی راگەیاند

PM:12:48:27/09/2021

4644 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی ئابدا زیاتر لە ٩٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار فرۆشتووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی ئابدا بڕی ٩٤ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار و ٢٣٩ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و هەناردەی دەرەوە کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە شەش ملیار و ٥٥٣ ملیۆن و ٧٦٢ هەزار دۆلار.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی کەرکوک سێ ملیۆن و چوار هەزار و ٣٠٩ بەرمیل بووە. دەشڵێت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٩١ ملیۆن و ٦٥٥ هەزار و ٩٣٠ بەرمیل بووە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژانە هەر بەرمیلێک بە ٦٩ دۆلار و ٢٣٥ سەنت فرۆشراوە.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە رێگەی بارهەڵگرەکانەوە ١٣٠ ملیۆن و ٩٩٠ هەزار و ٩٥٤ دۆلاری وەک داهاتی زیادە دەست حکومەتی فیدڕاڵی کەوتووە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، بڕی نەوتی هەناردەکراو لە بەندرەکانی بەسرە و خور عەمییە لە کەنداو وبەندەری جیهان لە تورکیا لەلایەن ٣٥ کۆمپانیای بیانییەوە کردراون.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٥ی مانگی حوزەیران بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٧٦ دۆلار و حەوت سەنت بەرزبووەوە. هاوکات، ئەمڕۆش بۆ یەکەمجار نرخی یەک بەرمیل نەوت ٧٩ دۆلاری تێپەڕاند.

بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بڕی هەناردە کردن بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.


کـ ، ئـ













گەلەری