سەردێڕ:

مێرکڵ و سەرکەوتنی بەسەر حەوت ئاڵنگاریدا

PM:03:31:26/09/2021

2992 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەی ١٦ ساڵی حکومڕانیدا، لەئەنجامی سەرکەوتنی بەسەر تەنگژە یەک لە دوا یەکە جیھانییەکانی وەک دارایی و یۆرۆ و پەنابەران و گۆڕانی کەشوھەوا و پەتای کۆرۆنا و پۆتین و ترەمپدا، ئەنگێلا مێرکڵ بە "خانمی پۆڵایین" ناسرا.


ساڵەکانی حکومڕانی مێرکڵ (٢٠٠٥-٢٠٢١) لێوانلیو بوو لە چەندین بەربەست و ئاڵنگاری سەخت، سەختترین ئاڵنگارییەکانیش بریتیبوون لە:
گرفتی دارایی جیھانی
گرفتی دارایی جیھانی لە ئەمریکاوە دەستی پێکرد و بەخێرایی گەیشتە ئەڵمانیای دڵی یەکێتی ئەوروپا و دواجار بەو کیشوەرەدا تێپەڕی.
لە ئەنجامی گرفتە داراییەکەوە، بەھای دراوەکان دابەزین و نرخی کاڵا و خانوبەرە بەرزبوونەوە و بانکەکانی ئەڵمانیا توشی گرفت ھاتن.
قەیرانی یۆرۆ
لەسەروبەندی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە، ئەنگێلا مێرکڵ ئامانجی ستراتیژی ھەبوو لەنێو ماڵی یەکێتی ئەوروپا و بەھێزکردنەوەی ئەو یەکێتییە، ھەروەھا بردنەپێشەوەی یەکێتییەکە بۆ وەستاندنی وەک کێبڕکێکارێکی بەھێز لەبەرامبەر چین و ئەمریکا و لەقەڵەمدانی وەک سێیەم ھێزی گەورەی جیھانی، لەگەڵ ئەوەشدا جێگرکردنی پێگەی بەرلین لە سیاسەتی جیھانیدا. 
ڤلادمێر پوتن
بەدرێژایی ماوەی حکومڕانی، ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا مەترسییەکی جێگر و ئامادە بووە لەسەر ئەنگێلا مێرکڵ. 
ئەنگێلا مێرکڵ زمانی روسی بەباشی دەزانێت و پەیوەندییەکەشی لەگەڵ پوتن وایکردووە ئاستی ململانێکانیان بە سەختترین ئاستدا گوزەری کردووە. 
زۆرکات، مێرکڵ رەخنە و سەرکۆنەی ئاڕاستەی پوتن دەکرد، تەنانەت گفتوگۆی توندی لەگەڵ ڤلادمێر پوتندا ھەبوو بەتایبەت لەسەر پرسی ئاگربەستی ئۆکرانیا. 
قەیرانی کۆچبەران
قەیرانی کۆچبەران لەساڵی ٢٠١٥دا گەیشتە لوتکە و ئەمەش یەکێک بوو لە سەختترین ئاڵنگارییەکانی سەر مێرکڵ. 
لە رۆژی چواری کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا، مێرکڵ بڕیاریدا بە کردنەوەی سنوورەکانی ئەڵمانیا بەرووی کۆچبەراندا، ئەو بڕیارەش تەنھا بەبڕیارێکی زیرەکانە لەقەڵەم نەدرا، بەڵکو بەبڕیارێکیش لەقەڵەمدرا کە ھەست و سۆز پاڵنەرێکی سەرەکییەتی. 
ئەم بڕیارەی مێرکڵ، وایکرد کە ھەڵوێستی جیھانی بەلای خۆیدا رابکێشێت و گۆڤاری "تایم"ی ئەمریکیش بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیھانی لەقەڵەمدا. 
ترەمپ
ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا تاکە کەسایەتی نەبوو کە بەربەستێک و دژکارێکی توندی مێرکڵ بێت، بەڵکو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاش بەربەستێکی بەھێز بوو لەبەردەم مێرکڵدا. 
سەرەتای ناکۆییەکانی نێوان ترەمپ و مێرکڵ بە تۆمەتبارکردنی ئەڵمانیا بە "پێنەدانی پارەی پێویست بۆ بودجەی ھاوپەیمانی گشتی ئەتەڵەسی باکوور (ناتۆ)" دەستیپێکرد. 
گۆڕانی کەشوھەوا
ئەنگێڵا مێرکڵ لەسەرەتای تەمەنییەوە، چالاکێکی دیاری رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا بووە و ھەڵمەتێکی چڕ و پڕیشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە لە ئەوروپا دەستپێکرد. 
تەنانەت لەسەردەمی جۆرج بوشی کوڕ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، بڕوای بە جۆرج بوش ھێنا کە گۆڕانی کەشوھەوا بکاتە کارە لە پێشینەکانی. 
لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا، بەھۆی ئەوەی سیاستەکانی لەبواری کەشوھەوا بەگوێرەی پێویست نەبوو، ئەوا گۆڕانکاری زۆر دیاری لە کەشوھەوای ئەڵمانیا بینی و تەنانەت، چەند دیاردەیەکی سرووشتیش لە وڵاتەکە روویاندا. 
ڤایرۆسی کۆرۆنا
لەماوەی دوو ساڵی کۆتایی حکومڕانییەکەیدا، ئەنگێلا میرکڵ رووبەڕووی یەکێک لەسەختترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومڕانییەکەی بووە و ئەویش ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. 
ماوەی چەندین دەیە بوو کە ئەڵمانیا دووچاری ڤایرۆسی ھاوشێوە و  پەتای بەربڵاو نەبووبووەوە، بۆیە کاتی دەویست تا مێرکڵ بیربکاتەوە لە پلانێکی گونجاو لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا. 
لەسەرەتاشدا، کاری لەپێشینەی ئەنگێلا مێرکڵ پاراستنی ژیانی ھاوڵاتییان بوو، بەوھۆیەشەوە پرۆسەی کەرەنتینە و قەدەغەی ھاتوچۆی پەیڕەوکرد. 
لەوبارەیەشەوە، رۆژنامەی دیرشبیگلی ئەڵمانی رۆڵی ئەنگێلا مێرکڵی لەسەرەتای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا بە لاواز دەبینێت. 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دەنگدەر بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان و راوێژکاری داھاتووی ئەو وڵاتە کرانەوە.
"ئەنگێلا مێرکڵ" تەمەنی ٦٧ ساڵانە، ماوەی ١٦ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و، بەھۆی بەھێزی و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی ھێناوە بۆ وڵاتەکەی نازناوی "خانمی پۆڵاینی" بەدەستھێناوە.
ھاوکات، بەپێی دەستووری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ ناتوانێت بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا کاندید بکاتەوە و لە کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەی، ئەنجێلا مێرکڵی تەمەن ٦٧ ساڵ و راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا، داوای لەدەنگدەرانی وڵاتەکەی کرد لە پێناو داھاتووی وڵاتدا، دەنگەکانیان بە ئەرمین لاشیت بدەن.












گەلەری