سەردێڕ:

عێراق سەرکەوتنی یەکەم ھەنگاوی حکومەتی ئەلیکترۆنی راگەیاند

PM:12:35:26/09/2021

4760 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی ناوەندی زانیارییە نیشتیمانییەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی بەگەڕخستنی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری نێوان چەند بەڕێوەبەرایەتی لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە سەرکەوتووبوو.


ئەمڕۆ یەکشەممە، عیمار مەزھەر تەمیمی بەڕیوەبەری فەرمانگەی ناوەندی زانیارییە نیشتیمانییەکانی سەربە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوان چەند بەڕیوەبەرایەتییەکی گشتی سەرکەوتووبوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە نێوان بەڕیوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرە و باج و دادگای کەڕادەدا بووە.
وتیشی، لە داھاتوودا ھەریەک لە فەرمانگەی پزیشکی داد دەخرێتە ناو سیستمەکەوە بە ئامانجی بەردەستخستنی زانیارییەکان لەبارەی تۆماری مردوان و ئەنجامی پشکینینەکان بۆ دادگا و ناردنی سەرجەم زانیارییە پێویستەکان.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەمەودوا چیدیکە ھاوڵاتی بۆ راییکردنی کارەکانی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانوبەرە و باجدان پێویستی بەوەنییە ماوەی دوو ھەفتە چاوەڕوانی بکات، بەڵکو دوای ئەنجامدانی وەردبینی بۆ بەڵگەکانی لە کەمترین ماوەدا وەڵامی دەدرێتەوە.
باسی لەوەشکردووە، لەمەودوا و لە ئێستا، ھەرکات دادگای کەرادە بییەوێت دەتوانێت بەڵگەنامەی پشکە شەرعییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە بنێرێت.
لەلایەن خۆیەوە، حەمید نەعیم غەزی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردن و تەواوکردنی مامەڵەی ھاوڵاتییان لەڕێگەی ئەوبەستەرەی بۆ سەرجەم فەرمانگە و بەڕیوەبەرایەتییەکان نێردراوە دوای بەستنەوەی سەرجەم فەرمانگە و بەڕیوەبەرایەتییەکان بە سیستمە ئەلیکترۆنییەکەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار دەسەڵاتداران و حکومڕانانی ھەرێم بەڵێنی بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەتی ھەرێمییانداوە بەئامانجی ئاسان رایکردنی کاروباری ھاوڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتینات، بەڵام تائێستا ھیچ ھەنگاوێکی کردارەکی لەو بوارەدا نەنراوە و کێشەکانی کات بەفیڕۆدان و سەرەگرتن و رۆتینات و گەندەڵی بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.

کـ ، ئـ












گەلەری