سەردێڕ:

ماوەی ٤٠ ساڵە ژمارەیەک کورد لە کەمپێکی ئێراندا دەژین

PM:04:47:19/09/2021

8056 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ٦٥٠ ئاوارەی عێراقی کە زۆرینەیان کوردی فەیلیین ماوەی ٤٠ ساڵە لە کەمپی ئاوارەکانی ئیزنا لە ناوچەی لورستانی ئێران ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن. دەشڵێت، "نە رەگەزنامەی عێراقییان هەیە و نە رەگەزنامەی ئێرانیشییان پێدراوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، کەریم نوری بریکاری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ماڵپەڕی روسیا تودەی راگەیاند، نزیکەی ٦٥٠ ئاوارەی عێراقی کە زۆرینەیان کوردی فەیلیین لە کەمپی ئاوارەکانی ئیزنا ژیانێکی سەخت بەسەردەبەن.

ئاماژەی بەوەدا، ئەو هاوڵاتییە عێراقیانە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بە زۆر نێردراون بۆ ئێران.

بریکاری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوڵاتییانە نە حکومەتی ئەوکاتی عێراق رەگەزنامەی پێداون و نە لە دوای ٤٠ ساڵ مانەوەیان لە ئێراندا حکومەتی ئەو وڵاتە رەگەزنامەی پێداون.

دەشڵێت، ئەو ئاوارانە لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا دەژین و گوزەرانیان تەواو سەختە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کەریم نوری بریکاری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی کەمپی ئیزنای لە ناوچەی لوڕستان کردوو ئاوارەکانی بەسەرکردەوە و بەڵێنی پێدان لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە مامەڵەکانیان رایی بکات و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.

كـ، ئـ













گەلەری