سەردێڕ:

لەبارەی گەیشتنی بەنزینەکەی بەغدا بۆ سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت

PM:10:33:14/09/2021

8136 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووەوە چاوەڕیی گەشتنی بەنزینەکەی بەغدان بۆ سلێمانی و پێشبینیش دەکات کە بەزووترین کات بگاتە سلێمانی.


ماوەی دوو رۆژە بەنزینەکەی بەغدا گەشتووەتە دهۆک و ئەمڕۆ گەشتە هەولێر، بەڵام تا ئێستا بەنزینەکەی بەغدا نەگەشتوەتە پارێزگای سلێمانی، لەوبارەیەشەوە، بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "لە چوارشەممەی رابردووەوە چاوەڕێی گەیشتنی بەنزینەکەی بەغدان و پێشبینیش دەکەن بەزووترین کات بگاتە سلێمانی."

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی بەنزینەکەی سلێمانیشەوە، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی هۆکارەکەی بۆ، "مامەڵەی رۆتینات" گەڕاندەوە و وتیشی، شاری دهۆک لە موسڵەوە نزیکە و زووتر چەکی بانکییان رادەست کردووە و دوای ئەوەش شاری هەولێر هەمان رێکارییان ئەنجامداوە.

بەهمەن قادر لەبارەی نرخی بەنزینەکەشەوە ئەوەی وت، "بەنزینەکە بە ٦٧٠ دینار بە بەنزینخانەکان و بە ٦٩٠ دیناریش بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت."

دوو رۆژە بەنزینەکەی بەغدا لە شاری دهۆک دابەشدەکرێت و ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار گەیشتە هەولێر و بڕیاریشە لە ماوەکانی داهاتوودا بگاتە سلێمانیش، هاوکات، نرخی هەر لیترێک لە بەنزینەکە ٦٩٠ دینارە.

لە ماوەی رابردوودا، نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە، بەجۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەشتە ٨٠٠ دینار، کە ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و نەوەی نوێش بۆ هاوکاری هاوڵاتییان بەنزینی ٥٠٠ دیناری دابەشکرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە بەربەستی بۆ دروستکرا تا لە دابەشکردنی بەردەوام نەبێت.













گەلەری