لەگەڵ ململانێ کردن و روبەڕوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپێارێزییەوە، ئەمڕۆ ١٤ی ئەیلول لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان و لەسەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکان یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ە.
هەر ئەمڕۆ، دڵشاد عومەر محەمەد کەریم بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە مامۆستایان و کارمەندان و فەرمانبەرانی سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکان و خوێندکاران کرد بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن و بەردەوامبوونی پابەندی رێنمایی و رێکارەکانی خۆپارێزیبن لە بەکار هێنانی ماسک و مادەی پاکژکەرەوە.
بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش،
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، وەک نەریتی ساڵانەی خۆی پلان و ساڵمانەی خوێندنی بڵاوکردەوە
و تیایدا سەرجەم رۆژانی پشووی ئەمساڵی خوێندنی ئاشکرا کرد.
لەبارەی وتنەوەی
وانەکان و دەسپێکردنی خوێندەوە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بڕیاریدا وەک تەواوکردنی
پرۆسەی خوێندنی ساڵی رابردوو، کەبەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەتوانرا وەک پێویست سەرجەم
بابەتەکان بخوێندرێن و قەرەبووی خوێندکاران بکرێتەوە، بڕیاریدا بۆ سەرجەم قۆناغەکان
جگە لە قۆناغی یەکی بنەڕەتی و حەوتی بنەڕەتی و ١٠ی ئامادەیی، سێ هەفتەی یەکەمی ساڵی
نوێی خوێندن بابەتە تەواونەکراوەکان تەواوبکرێن و لەو ماوەیەشدا هیچ جۆرە تاقیکردنەوەیەک
ئەنجام نادرێت.
هەروەها، پێشتریش
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لە لێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تى راگەیاندبوو،
"پۆلی ١ و ٧ ی بنەرەتی و ١٠ و ١٢ی ئامادەیی بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێداچوونەوە
ناکەن و راستەوخۆ دەستدەکەن بە خوێندنی وانەکانی ساڵی نوێ.
لەبارەی چۆنییەتی
روبەڕوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمسال، ئالان حەمە
سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم ئاشکرای کرد، بەستی ماسک ناچارییە و دەبێت ماسک بەکاربهێندرێت.
راشیگەیاند، دوو
ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ماسک و ٥٠ هەزار پاکەرەوە "تەعقیم"یان داناوە و بەسەر
خوێندگەکاندا دابەشیدەکەن.
لەلایەن خۆشییەوە،
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرای کرد، "وەرگرتنی ڤاکسین و بەکارهێنانی
دەستکێش و دەمامک لەلایەن مامۆستایان و خوێندکاران بەهەند وەردەگیرێت."
هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی
خوێندنی ئەمساڵەوە، یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی دێتە بەردەم پرۆسەکە، چارەسەر نەکردنی
کێشەی مامۆستایانی وانە بێژەوە و لەو بارەشەوە لەماوەی رابردوودا کارزان جەمال نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە ئێن
ئاڕ تی راگەیاند، لە شاری هەولێر نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبوونەتەوە و تیایدا
بڕیاردراوە کە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە هەڵوێستی خۆیان لەرێگای "فشارە مەدەنییە جۆراوجۆرەکانەوە"
دەرببڕن.
لە هەرێمى
کوردستان نزیکەى ٢٠ هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە کە ئەمانە دانەمەزراون و پێشتر
حکومەتى هەرێم شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى ٣٠٠ هەزار بۆ مامۆستایانى
هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم.
بەڵام لە مانگی
٢ی ئەمساڵەوە بەپێى بەشە وانەکان شایستەى داراییان بۆ خەرج دەکرێت و ئەوەش نارەزایەتییەکى
زۆرى لەلاى مامۆستایانى وانەبێژ دروستکردووە و بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ وەکو
نارەزایەتییەک خۆپیشاندانیان لەبەردەم پەروەردە جیاوازەکان و ئەنجومەنى وەزیران ئەنجامدا،
بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ دامەزراندنیان.
لەماوەی
رابردوودا، دوای ئەوەی بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تۆمار کردنی یەکەم کەیس
لە عێراقدا، لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠ەوە، پرۆسەی خوێندن لە هەرێم راگیرا و دواتر بەچەند
قۆناگێک و بە گرتنە بەری شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دواتر خوێندنی ئاوێتەی ئەلیتکرۆنی
و ئامادەبوون لەناو هۆڵەکانی خویندندا، دواجار بۆ خوێندنی ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردەی
هەرێم بڕیاریدا بەدەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن لە نێو خوێندگاکانی هەرێم لەرۆژی
١٤ی ئەم مانگەدا، بەپابەندبوون بەتەواوی رێنماییە تەندرووستییەکان لەلایەن مامۆستایان
و فەرمانبەران و خوێندکارانەوە.
كـ، ئـ