سەردێڕ:

وەزارەتى پەروەردە چەند بڕیارێکى نوێى دەرکرد

AM:11:52:13/09/2021

91764 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى رێکارەکانى خۆپارێزى لە ناوەندەکانى خوێندن چەند بڕیارێکى دەرکرد و نووسراوێکى ئاراستەى پەروەردەکان کرد.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان نووسراوێکى ئاراستەى پەروەردەکان کرد و تیایدا چەند بڕیارێکى لەبارەى رێکارەکانى خۆپارێزى لە ناوەندەکانى خوێندن دەرکرد.

لە نووسراوەکەدا بەستنى دەمامک لە ناوەندەکانى خوێندن بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران ئیلزامى کراوە و لە حاڵەتى هەر سەرپێچییەکیش دەسەڵات دراوەتە بەڕێوبەرى پەروەردەى قەزا بۆ گرتنەبەرى رێکاى کارگێڕى پێویست.

ئاماژە بەوەش کراوە، وەک قۆناغى یەکەم وەزارەت دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار ماسک و پەنجا هەزار پاککەرەوەى دابینکردووە بۆ ناوەندەکانى خوێندن.

داواش کراوە کە فڕۆشگەى قوتابخانەکان تەواوى مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانى خۆپارێزى جێبەجێ بکەن و مەرجە ئەو کەسەى لە فڕۆشگە کار دەکات ڤاکسینى وەرگرتبێت و ماسک بپۆشێت.

بڕیارە سبەینێ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ لێبدرێت و دەوامی خوێندکاران لە سەرجەم خوێندنگەکاندا دەستپێبکاتەوە بە باخچەکانیشەوە. وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی دەوام بۆ ساڵی نوێ باخچە و قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانیش دەگرێتەوە.














گەلەری