سەردێڕ:

زانیاری نوێ لە بارەی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ ھەرێم دوای ھەڵبژاردن

PM:02:00:11/09/2021

18328 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان و نەناردنی بودجەی ٢٠٢٢، حکومەت لەسەر بودجەی ٢٠٢١ دەڕوات و ھەمان بڕە پارە مانگانە بۆ ھەرێم دەنێرێت.


بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی ناڤین-ی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ وەکو پێویست تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە و داواشکراوە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو ماوەیەی کە ماوە بۆ تەواوبوونی خولی پەرلەمان، لەوانەیە ساڵی ٢٠٢٢ بودجەی نەبێت و لەسەر بودجەی ٢٠٢١ بڕوات و ھەمان بڕە پارە مانگانە بۆ ھەرێم بنێردرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئاڵەنگاری تەکنیکی و کارگێڕی زۆر ھەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و کاتێکی زۆر کەمیش ماوە بۆ ناردن و خوێندنەوەی پڕۆژە یاساکە.
بەشیر حەداد باسی لەوەشکرد، یەکێکی تر لە ئاڵەنگارییەکان ئەوەیە، دوای ھەڵبژاردنەکان حکومەت دەبێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە پەسەندبکات و بینێرێتە پەرلەمان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، بەشێک لە پەرلەمانتارەکان کاندیدن و خەریکی کۆکردنەوەی دەنگن، بۆیە لەکاتی ناردنیشیدا دانیشتی پەرلەمان ئاسان نییە. 
ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای مانگی رابردوودا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بودجەی دارایی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە ئامادەکردنی، بودجەیەکی چاکسازی دەبێت و لە بودجەی ساڵی رابردوو جیاوازترە.
عەلی عەلاوی روونیشیکردەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بودجەی ٢٠٢٢ بە ٥٠ دۆلار دیاریکراوە و ئەم ژمارەیەش ئەگەری دەستکاریکردنی ھەیە، چونکە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەرزترە و سەروی ٦٠ دۆلاریشە.












گەلەری