سەردێڕ:

وتەبێژی کازمى گفتوگۆی نرخی دۆلارى یەکلایی کردەوە

PM:12:57:06/09/2021

86164 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ جێگیرە و هیچ گۆڕانێک تیایدا روونادات.


ئەمڕۆ دووشەممە، حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، بیرۆکەی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار چەندین ساڵە پێشنیازکراوە، بەڵام حکومەتەکانی پێشوو بوێری ئەوەیان نەبووە جێبەجێی بکەن، چونکە چەندین کێشە و گفتوگۆ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت چەند هەنگاوێک دەگرێتەبەر و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدات، لەو باوەڕەشدانیم ئەم حکومەتە نرخی دۆلار دابەزێنێت و لە بودجەی ٢٠٢٢ شدا کە هەر ئەم حکومەتە ئامادەی دەکات پاشەکەشەی لێ ناکات و نرخی دۆلار دانابەزێنێت.

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی رابردوودا حکومەت دڵنیانەبوو لەوەی بتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بکات، بەڵام دواتر نرخی نەوت بەرزبووەوە، بەڵام تەنانەت ئەگەر نرخی نەوتیش بەرزبێتەوە ئەگەر بەباشی نەوتی خاو ئیدارە نەکرێت ئەوا گرفتی بۆ دروست دەبێت.

باسی لەوەشکرد، جۆرێک لە بەرزبوونەوەی یەدەگی بیانی هەیە، بەڵام بەهۆی کورتهێنانی کەڵەکەبووەوە نەتوانراوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبکات.

هەروەها، هەر زیادەیەکیش هەبێت ئەوا حکومەت لەیەکەم هەنگاویدا کورتهێنانەکانی پێ پڕدەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بانکی ناوەندی عێراق نرخی یەک دۆلاری بە ١٤٦٠ دینار جێگیر کرد.


كـ ، ئـ













گەلەری