سەردێڕ:

ئەمریکا بڕە پارەیەک بۆ هەڵبژاردنەکەی عێراق تەرخان دەکات

PM:12:46:26/08/2021

2724 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، پشتیوانی زیاترکردنی چاودێرانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار تەرخان دەکەن.


تۆماس گرینفیڵد نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژەی بەوەکردووە، پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دور لە ساختەکاری لە عێراق دەکەن.

وتیشی، هیواخوازن هەڵبژاردنەکە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە عێراقدا.

دوێنێش، لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جنین پلاسخارت پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق جیاواز بێت لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق.

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش، جەختلەوەدەکەنەوە کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.








گەلەری