سەردێڕ:

ناوەندێکی توێژینەوە پێشبینی روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لەم شارە دەکات

AM:11:38:19/08/2021

30364 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی جێبەجێکردن و توێژینەوەی فێرکاری تورکیا بۆ رووداوەکان رایگەیاند، پێشبییندەکرێت لە هەشت ساڵی داهاتوودا بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٤پلە بە پێوەری رێختەر لە شاری ئەستەمبوڵ بدات و هەڕەشە لە ژیانی دوو ملیۆن هاوڵاتی بکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی جێبەجێکردن و توێژینەوەی فێرکاری تورکیا بۆ رووداوەکان سەر بە زانکۆی ئەستەمبوڵ لە یادی ٢٢ هەمین ساڵڕۆژی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی دورگەی مەڕمەڕە نزیک لە ئەستەمبوڵ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێشبینیدەکرێت لە هەشت ساڵی داهاتوودا بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٤پلە بە پێوەری رێختەر لە شاری ئەستەمبوڵ بدات و هەڕەشە لە ژیانی دوو ملیۆن هاوڵاتی بکات.

محەمەد ئاڵتان پرۆفیسۆر و سەرۆکی جێبەجێکاری ناوەندەکە لە کۆنگرەیەکی زانستیدا کە لە یادی ساڵڕۆژی بومەلەرزە بەهێزەکەی ئەستەمبوڵ سازکرابوو رایگەیاند، ٢٢ ساڵ لەمەوبەر لەساڵی ١٩٩٩ روداوێکی کارەسات ئامێز روویدا کە ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٠٠ هەزار خانو وێرانبوون.

ئاماژەی بەوەشدا، بە گوێرەی پێشبینییەکان لە هەشت ساڵی داهاتوودا و دوای سی ساڵ لە رووداوی یەکەم، هەمان رووداو بە گوڕێکی بەهێزتر لە نزیک دوورگەی مەڕمەڕە دووبارە دەبێتەوە.

محەمەد ئاڵتان ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی زانستی ناوەندەکەیان رێژەی ئەگەری روودانی بومەلەرزەکەی دەستنیشان کردووە و لەو باوەڕەدان بەرێژەی ٦٤٪ رووداوەکە دووبارە دەبێتەوە.

سەرۆکی جێبەجێکاری ناوەندەکە باسی لەوەشکردووە، رووداوە جیۆلۆجییەکان لە ساڵانی رابردوودا و بە تایبەتی لە هەردوو ناوچەی ئزمیر و پۆڵۆ، جەختدەکەنەوە لەسەر روودانی بومەلەرزەیەکى کاولکاریی لە ئەستەمبوڵ و بەڕێژەی ٦٤٪ پێشبینی ئەگەری روودانی دەکرێت لە هەشت ساڵی داهاتوودا.

بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندەکە، نزیکەی ٧٠٠ هەزار خانو و باڵەخانە لە ئەستەمبوڵ هەڕەشەی وێرانبوونیان هەیە لە کاتی ئەگەری روودانی کارەساتێکی لەو شێوە.

لە کۆتاییدا راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی تورکیا لەماوەی ٢٢ ساڵی رابردوودا هیچی بۆ ئەو ناوچانە نەکردووە کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە وێران بووە جگە لەوەی تەنها ٧٦ هەزار باڵەخانەی کۆن گۆڕانکارییان تێداکراوە تا بتوانن بەرگەی بومەلەرزەیەکی دیکە بگرن.













گەلەری