سەردێڕ:

وەزیرێکی دیکەی حکومەتەکەی جۆنسن دەستی لەکارکێشایەوە

AM:08:33:07/07/2022

2008 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سیمۆن هارت کە پۆستی وەزیری دەرەوەی وێڵزی بەڕێوەدەبرد دەستی لەکارکێشاوەتەوە.


سیمۆن هارت پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیایە و لەماوەی رابردوودا وەک وەزیری دەرەوەی هەرێمی وێڵز کاری کردووە و لە درەنگانی شەوی چوارشەممەدا نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش کردووە و چووەتە پاڵ ناڕازییەکی دژی جۆنسن.

لە نامەیەکدا کە هاوپێچی دەستلەکارکێشانەوەکەی کردووە، ناڕەزایەتی خۆی لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی جۆنسن دەربڕیووە و نوسیویەتی، "هاوکارەکان هەموو هەوڵێکیان داوە بە شێوەیەکی تایبەت و گشتی بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن کەشتییەکە بخەینەوە سەر رێڕەوی خۆی، بەڵام بەداخەوە هەست دەکەم ئەو خاڵەمان تێپەڕاندووە کە بتوانین کارێکی وا بکەین."

دوای ئەوەی رۆژى پینجى ئەم مانگە هەردوو وەزیری تەندروستی و دارایی لە حکومەتەکەی بۆریس جۆنسۆن کشانەوە رۆژى شەشى ئەم مانگەش ويل كوينس وەزیری كاروباری خێزان و منداڵان و لۆرا تروت یاریدەدەری وەزیری گواستنەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی جۆنسۆن کرد.

هاوکات بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەى فاینانشەڵ تایمز ٣٠ بەرپرسی حکومەتەکەی بۆریس دەستیان لە کارکێشاوەتەوە.

دەست لەکارکێشانەوەی ئەو بەرپرسانەش دوای ئەوەدێت کە ئاشکرا بوو بۆریس جۆنسن پۆستێکی باڵای بە پەرلەمانتارێک داوە، لە کاتێکدا زانیویەتی پەرلەمانتارەکە تۆمەتبارە بە گێچەڵی سێکسی، هاوکات ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە داوای دەست لەکارکێشانەوەى حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، پەشیمانە لە پێدانی پۆست بەو پەرلەمانتارە بەڵام ئامادەنیە دەست لەکاربکێشێتەوە یان هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدات.

ل.ل













گەلەری