پیشەسازی سەربازی عێراق یەکەم دەمانچەی "بابل"ی بەرهەمهێنا و وەک دیاری بەخشییە سەرۆک وەزیرانی وڵات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی فەرمی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەکەم دەمانچەی "بابل"ی پێبەخشرا کە دروستکراوی ناوخۆییە.
لای خۆشییەوە مستەفا کازمی،
سوپاسی یەکەی پیشەسازی سەربازی و ماندووبوونی کرێکارەکانی یەکەکەی کرد لەپای دەستکەوتەکەیان
و پاڵپشتی حکومەتی پێشووی بۆ پیشەسازییە سەربازییەکان دووپاتکردەوە.
هاوکات، مستەفا کازمی جەختی
لە گرنگی بەکارهێنانی رێگا مۆدێرنەکان کردەوە لە دروستکردنی کەرەستەی جەنگی و کۆکردنەوەی
زانیاری لە توێژینەوە زانستییە پێشکەوتووەکانی جیهاندا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی
١٩٨١وە تا ساڵی ٢٠٠٣ عێراق دەمانچەی تارق کە گوللـەی نۆ ملیمی دەتەقاند، بەرهەم دەهێنا
و لە کارگەی قادسیە دروست دەکرا و مەغزەنەکەی هەشت گوللـەی تێدا هەڵدەگیرا و نیمچە
ئۆتۆماتیک بوو کە لەلایەن کۆمپانیای قادسیەی عێراقییەوە بەرهەمدەهێنرا و لە بنچینەدا
دەمانچەیەکی ئیتاڵی بوو. دوای وەرگرتنی مۆڵەت، عێراق دەستی بە دروستکردنی کرد و لە
شەڕەکانی کەنداو و عێراق - ئێران و زۆرینەی
جەنگە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمدا بەکارهێنراوە.