سەردێڕ:

هەشت ساڵ بەسەر دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە تێدەپەڕێت

PM:06:36:10/06/2022

3772 جار خوێندراوەتەوە

لە ١٠ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا کە بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت کەوتە دەست رێکخراوی داعش کە بەھۆیەوە زیانی زۆری گیانی و ماددەی لێکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگاکە ئاوارەبوون.


بە وتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی کەوتنی شاری موسڵ بە دەستی داعش، بەڕێژەی ٪٧٠ی زیان بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و رایانگەیاندووە، زیانە ماددییەکانی شەڕی موسڵ بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا تا ٢٠١٧دا، ١٥ ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکە خەرجکراوە.

شاری موسڵ؛ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت کە دەکەوێتە باکووری ئەو وڵاتە و لە ١٠ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا، لەلایەن رێکخراوی داعشەوە داگیرکرا.

داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن رێکخراوی داعشەوە دوای ئەو ھات کە دوو فیرقەی سەربازی سەربە سوپای عێراق کە ژمارەیان ٢٥ ھەزار سەرباز بوون، ھەروەھا ٣٠ ھەزار پۆلیسی فیدڕالی و ناوخۆ بێ ھیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەبەردەم ھێرشی چەکدارانی رێکخراوەکە بۆسەر شارەکە ھەڵاتن و چەک و جبەخانەی گەورەی سەربازییان لە دوای خۆیان بۆ رێکخراوەکە جێھێشت، ئەمەش بووە ھۆی بەھێزبوونی توانای سەربازی داعش.

رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، ئەبو محەمەد عەدنانی وتەبێژی داعش، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا "خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامی لە موسڵ" راگەیاند و ئەبوبەکر بەغدادییشی بە خەلیفەی رێکخراوەکە ناساند.

چەند رۆژێک دواتر و بەدیاریکراوی لە رۆژی ٤ی تەمموزی ٢٠١٤دا، ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەوتی نوری لە شاری موسڵ دەرکەوت لە وتاری نوێژی ھەینییدا رایگەیاند، بەناو خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامییان راگەیاندووە و ئەویشیان وەک خەلیفە دیاریکردووە.

شەڕی موسڵ لەلایەن رێکخراوی داعشەوە بە شەڕی (بیلاوی شێری خوا) ناونرا، چونکە بیلاوی سەرپەرشتی شەڕەکەی کرد کە لە ھۆزی ئەلبوبالییە لە پارێزگای ئەنبار.

دواتر چەکدارانی داعش ھێرشی فراوانیان بۆ داگیرکردنی شارەکانی دیکەی عێراق و فراوانکردنی ھەژموونی خەلافەتەکەیان دەستپێکرد و توانیان دەستبەسەر تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکدا بگرن.

ــ ھۆکارەکانی کەوتنی شاری موسڵ بە دەستی داعش

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتوانی شاری موسڵ و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، دژبە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەکانیان، ھەروەھا نەبوونی دەرفەتی کار و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی ھۆکاربوون بۆ ئەوەی شارەکە بکەوێتە دەستی رێکخراوی داعش.

پێشتریش مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن ھۆکاربوون لە کەوتنی پارێزگای نەینەوا، بە دەستی رێکخراوی داعش.

ــ زیانە گیانی و ماددییەکانی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە

لە مانگی تەمموزی ٢٠١٧ دا، رۆژنامەی ئیندپێندیتی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی عێراق بڵاویکردبووە، ژمارەی ئەو مەدەنیانەی کە لە کەوتنی شاری موسڵ تا کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە کوژراون، گەیشتووەتە ٤٠ ھەزار کەس، بەڵام رۆژی دواتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئەو ئامارەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ھەزار و ٤٢٩ مەدەنی لە شەڕەکەدا کوژراون و ئاشکرایشی کردبوو کە لە شەڕەکەدا ٣٠ هەزار چەکداری داعش کوژراون.

بە وتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی کەوتنی شاری موسڵ بە دەستی داعش، بەرێژەی ٪٧٠ زیان بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و رایانگەیاندووە، زیانە ماددییەکانی شەڕی موسڵ بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا تا ٢٠١٧دا، ١٥ ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکە خەرجکراوە.

بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە لەو ژمارەیە ٥٠٠ ھەزاریان دانیشتوانی شاری موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای نەینەوا بوون.

حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی شەڕی داعش گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی دیکەیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکاندا دەژین.

-تا ئێستا هۆکاری کەوتنی موسڵ بە دەستی داعش ئاشکرا نەکراوە

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی زۆربەی ناوچەکانی عێراق کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون، بەبڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی شاری موسڵ و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون پێکھێنرا.

وێڕای کارەکانی لیژنەکە و کاری چەندین لیژنەی دیکە کە بۆ ھەمان مەبەست پێکھێنران، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھیچ ھۆکارێک بۆ کەوتنی شارەکە بەدەستی داعش دیاری نەکراوە.

ــ ئۆپەراسیۆنی شاری موسڵ لە دەستی داعش

رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەستی پێکرد و رۆژی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٧، دوای شەڕێکی سەخت، شارەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی پێشووی عێراق، سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا راگەیاند.

بەڵام وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نوستووەکانییەوە، ناو بەناو کردەی چەکداریی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.













گەلەری