سەردێڕ:

پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانیان وژۆکرد

AM:08:30:10/06/2022

3156 جار خوێندراوەتەوە

نویسنگەی راگەیاندنی رەوتی سەدر رایگەیاند، سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان واژۆکردووە و رادەستی موقتەدا سەدرییان کردووە.


نوسینگەی راگەیاندنی رەوتی سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەرجەم پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانیان وەژۆکردووە و رادەستی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەکەیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەک بەشداری ناکەن لە پێکهێنانی حکومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.

هەروەها، لە چوارچێوەی وتارەکەیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر کرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بکەن و هەرکاتێک داوای لێکردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پێویستی بە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، نەک حوکەمتی سازان.

وتیشی، چاکسازی لە وڵاتدا تەنها بە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکرێت.

لەبارەی چەقبەستوویی سیاسییەوە موقتەدا سەدر ئەوەشی خستەڕوو، چەقبەستوویی سیاسی بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو دۆخێکی دروستکراوە بۆ رێگری کردن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی.

سەدر وتیشی، "زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەک بۆ کەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی سازان ناکەین".

هەر دوێنێ، فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، حکومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چاورچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێکناهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشدابوو، بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەکانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەک دەبات کە ناتوانرێت چارەسەر بکرێت.













گەلەری