بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١١٢ دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بە جێگیری ماوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ١١٠ دۆلار و سێ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە ١٣٠ دۆلار و دواتریش دابەزییەوە خوارەوە بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوو نرخەکەی لەبەرزیدایە و سەرووی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبوونی
سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و کەمبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت
گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵدا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر
نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی شوبات، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە
بازاڕەکانی جیهاندا.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی
نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە
لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە
هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.