سەردێڕ:

یەکەمین کتێب لەبواری لێکۆڵینەوە لە وێنە و ڤیدیۆی دروستکراو بڵاوکرایەوە

PM:09:16:21/05/2022

3348 جار خوێندراوەتەوە

کتێبی (گومان لەچاو) چۆن لێکۆڵینەوە لە فۆتۆ و ڤیدیۆ بکەین؟ وەک یەکەم کتێب لەبواری لێکۆڵینەوە لە وێنە و ڤیدیۆی دروستکراو بڵاوکرایەوە و کەوتە بەردیدەی خوێنەران.


نوسەری کتێبەکە "رێبوار ئەوڕەحمان" ھەوڵیداوە لەرێگەی ئەزمونی کاری میدیایی و رۆژنامەوانیی خۆی تیشکێک بخاتەسەر بوارە جیاوازەکانی کاری رۆژنامەنوسیی لەبوارەکانی چاپکراو و رادیۆ و تەلەفزیۆن، بەتایبەتیش کاتێک نوسەر بەرپرسیارێتیی ھەبووە وەک لێپرسراوی ناوەندی ھەواڵ و بەرنامەکانی کەناڵێکی گەورەی وەک ئێن ئاڕ تی، کە چۆن رووبەڕووی کێشەی دەستکەوتنی وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی ئەو رووداوانە بونەتەوە کە ئەوان لەکاتی کارکردندا تیشکیان خستەوەتە سەر.

نوسەر بەپێی ئەزمونی خۆی باسی لەوە کردووە کە ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆیی و دەنگانەی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، دەکرێت ھەندێکیان ببنە سەرچاوەی باش و بەشێکیشیان ببنە چەکێکی ترو لەنێو ئەو فەوزا سیاسی و ئیداریەی کوردستان، وەک چەکێک دژی نەیارە سیاسیەکان و کەسایەتیە دیارەکانی کۆمەڵگە بەکاربھێنرێن.

نوسەر دەڵێت، بەشاھیدی دەوروبەرەکەی و ئەوانەی کاری لەگەڵ کردون، ھەمیشە وردبینی کارکردنی خستوەتە پێش ھەموو شتێکی ترەوە.

ھەر بۆیە بەشێک لەڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن لەپێناو زوو دابەزینی ھەواڵ و گرتەو وێنەکان، ھەڵپەدەکەن و وێنەو گرتە ڤیدیۆییەکان، بێ ھیچ بەدوادواچون و لێکۆڵینەوەیەک دادەبەزێنن، ئەوەش گرفت و کێشەی یاسایی لێدەکەوێتەوە.

نوسەر "رێبوار ئەوڕەحمان" لەپێشەکی کتێبەکەیدا رەخنە لەکەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن دەگرێت و دەڵێت، کەمیان ھەیە وۆرکشۆپ و بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی ورد رێکبخەن بۆ رۆژنامەنوس و کارمەندەکانیان و دەوڵەمەندیان بکەن بە زانیاری و زانستی نوێ لەبوارە جیاکانی میدیا.

نوسەر لەکتێبەکەیدا ھەوڵیداوە رۆژنامەنوس بەو میکانیزم و ئامرازانە ئاشنا بکات کەدەتوانێت لە رێگەیانەوە لێکۆڵینەوە لەوێنەیەک یاخود گرتەیەکی ڤیدیۆیی بکات کاتێک لەسۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە، تا بتوانرێت بەوردیی‌ و راسترین زانیاری بگەیەنرێتە وەرگران.

لەم کتێبەدا زانیاریەکان و وشەکان بەزمانێکی سادە نوسراون و ھەوڵدراوە لە بەکارھێنانی ئەو زاراوانەی پەیوەست بەسایت و بزوێنەرەکانە، ئەو وشانە بەکاربھێنرێن کە لەناو خەڵکدا زۆر باوە و ئاسانن لەسەر زمانی خەڵک.

ھەروەک نوسەر پۆزشی ھێناوەتەوە بۆ ئەوەی کەناوی ھەندێک دەزگاو ناوەندی راگەیاندنی ھێناوە لەکتێبەکەیدا، مەبەست شکاندن و سوکایەتیی نەبوە، بەڵکو ئامانج لێی خستنەڕووی تێپەڕبونی چەند ھەڵەیەک بووە لەنێو ئەو دەزگا و ناوەندە راگەیاندنانەی ھەڵە تیایاندا تێپەڕیوە و کاریگەریشی لەسەر وەرگر دروستکردووە.


(گومان لەچاو) کتێبێکی گرنگ بۆرۆژنامەنووسان

نووسین و ئامادەکردنی: رێبوار ئەورەحمان













گەلەری