سەردێڕ:

هەڤاڵ ئەبوبەکر زانیاری نوێ لەبارەی موچەی ئەم مانگەی سنوری سلێمانی ئاشکرادەکات

PM:05:01:17/05/2022

37492 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی سنورەکە بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت و بڕیاریش دراوە کارکردنی لەپێشینە بۆ موچە بێت پاشان خەرجییەکانی دیکە.


هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی سلێمانی و سنوری پارێزگاکە بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کورتهێنانی بودجە دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، بە بەشداری مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داھات و خەرجییەکان و کورتھێنانی موچە و گرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامدرا.

بەپێی راگەیاندراوی فەرمی دوای کۆبوونەوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە پێدانی شایستەی موچەخۆران کاری لەپێشینە بێت و پێش ھەر خەرجییەکی دیکە بێت و ئە‌و کورتھێنانە‌ی ھە‌یە‌ پڕ بکرێتە‌وە‌.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی موچە لە پێش ھەر خەرجیەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی بوودجەی پێویستی ئەم مانگە.

ئەوەش هاتووە، لە ھەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و ناوخۆ بە ھەماھەنگیی پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان بۆ بەدواداچوونی راستیەکان سەبارەت بە داھاتە گشتییەکان و گەیشتن بە راست و دروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە بە بیانووی نەمانی پارە لە بانکەکان؛ گرفتی دواکەوتن و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری هەیە و موچە خۆران لەکاتی خۆیدا موچەیان پێنادرێت.

هـ.ئـ













گەلەری