وەزیری تەندروستی عێراق رایگهیاند، یاسای بیمەی تەندروستی لە مانگی ئابی ئهمساڵدا دەستپێبکات، بەڵام جێبەجێکردنی پشت دەبەستێت پەسەندکردنی بودجەوە، دەشڵێت، " سەرەتا لە سێ پارێزگادا جێبەجێدەکرێت".
هانی ئەلعەقابی، وەزیری تەندروستی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەستەی کارگێڕی بیمەی تەندروستی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق پێکهێنراوە و کادرەکانیان ناساندوە کە کاریان لەسەر خولەکانی دەرەوە و ناوەوەی وڵات کردوە و ئەزمونیان لەو باریەوە پەیداکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی
یاسا دەبێت لە مانگی ئابی ئەمساڵدا داواکارییەکە دەستپێبکات، بەڵام بە بودجەی گشتیەوە
بەستراوەتەوە و ئەگەر پەسەند نەکرێت ناتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هانی ئەلعەقابی ئاماژەی بەوەشدا، پەسەندکردنی یاسای بودجە رێگە خۆش دەکات بۆ جێبەجێکردنی
بیمەی تەندروستی لە سێ پارێزگا وەک قۆناغی یەکەم و دواتر وردە وردە سەرجەم پارێزگاکان
دەگرێتەوە.
وتیشی، دەستنیشانکردنی ئەو
پارێزگایانەی کە دیاریکراون بەپێی ژێرخانی پارێزگاکە و ژمارەی نەخۆشخانە و ژمارەی
دانیشتوانیان بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بهپێی یاسای
بیمهی تهندروستی، بەشی زۆری تێچوەکانی چارەسەر لە نەخۆشخانە حکومییەکان و ئەهلییەکان
بۆ نهخۆش دابین دەکرێت، كه ئامانجی پڕۆژەکە کەمکردنەوەی خەرجی و تێچونی زۆری چارەسەرەکان
و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە.
پێشتر عەقابی لەمیانەی کۆنفرانسێکی
رۆژنامەنوسیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای کرد، یاسای بیمەی تەندروستی بە سێ قۆناغ
جێبەجێدەکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا تۆمارکردنی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانەلە بیمەی تەندروستی دەبێت، پاشان لە قۆناغی دوەمدا هەمو هاوڵاتییان بە خۆبەخشی
تۆمار دەکرێن و چەند مانگێک دواتر یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە قۆناغی سێیەمدا
سەرجەم هاوڵاتییان تۆمار دەکرێن.