سبەینێ تیروپشکى قۆناغى 16ى چامپیۆنز لیگ ڕادەکێشرێت

PM:12:42:12/12/2021

256 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ تیروپشکى قۆناغى 16ى چامپیۆنز لیگ ڕادەکێشرێت و یاساى گۆڵى دەرەوەى یاریگاش نەماوە.

یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا سبەینێ کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆ لە شارى نیۆنى سویسرا، تیروپشکى قۆناغى 16ى خولى یانە پاڵەوانەکانى کیشوەرەکە ڕادەکێشێت.

16 یانەکەى قۆناغەکە لە دوو ئاست پێکهاتوون و یانەکانى ئاستى یەکەم ڕووبەڕووى یانەکانى ئاستى دووەم دەبنەوە، بێ ئەوەى یانەکانى یەک وڵات یان یەک کۆمەڵە ڕووبەڕووى یەکببنەوە.

یوفا ئاماژەى بەوەکردووە، تاکە گۆڕانکارى لەم قۆناغەدا لە چاو وەرزەکانى پێشوودا ئەوەیە، یاسای گۆڵى دەرەوەى یاریگا نەماوە، گەر دوو یانە لە 180 خولەکى نێوانیاندا یەکسانبوون، ئەوا پەنا بۆ دوو تایمى زیادکراو دەبرێت و گەر یەکسانبوونەکە بەردەوامبوو بە لێدانى یەکلاکەرەوە ئەنجامەکە یەکلادەکرێتەوە.

یارییەکانى چوونى قۆناغى 16 لە 15 و 16 و 22 و 23ى مانگى دووى 2022 و یارییەکانى گەڕانەوەش لە 8 و 9 و 15 و 16ى مانگى سێی هەمان ساڵ بەڕێوەدەچن و یانەکانى براوەى کۆمەڵەکان لە یارى چووندا لە دەرەوەى یاریگاى خۆیاندا یارى دەکەن.

چێڵسى ئینگلیزى لە وەرزى ڕابردوودا بۆ دووەم جار لە مێژوویدا نازناوى چامپیۆنز لیگى بەدەستهێنا، کە لە یارى کۆتاییدا بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر لە مانچستەر سیتى هاونیشتیمانى بردەوە.

گ . ف