چێڵسى بۆ دووەم جار لەم وەرزەى پریمەر لیگدا دۆڕا

PM:05:33:04/12/2021

644 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولى ئینگلتەرا، چێڵسى پێشەنگ بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ بە وێست هام دۆڕا و بۆ دووەم جار توشى شکست بوو.

لە هەفتەى 15ى خولى نایابى تۆپى پێى ئینگلتەرا، یانەى چێڵسى پێشەنگى ڕیزبەندى لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، ڕووبەڕووى وێست هام بووەوە.

تایمى یەکەم بە پێشکەوتنى چێڵسى بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایى هات، تیاگۆ سیلڤا و ماسۆن مۆنت لە خولەکەکانى 29 و 44دا گۆڵەکانى چێڵسییان تۆمارکرد و تاکە گۆڵەکەى وێست هامیش لە خولەکى 40دا لەلایەن مانوێل لانزینییەوە تۆمارکرا.

لە تایمى دووەمدا، وێست هامى خاوەن یاریگا لە خولەکەکانى 56 و 87دا دوو گۆڵى ترى لەلایەن جارود بۆین و ئارسەر ماسۆکۆوە تۆمارکرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەى بردەوە.

بەم ئەنجامە، چێڵسى بۆ دووەم جار لەم وەرزەدا توشى شکست هات و بە 33 خاڵ و بەکاتى لە پێشەنگى ڕیزبەندى خولەکەدا ماوەتەوە و وێست هامیش دواى چوار یارى تامى بردنەوەى کردەوە و بە 27 خاڵ پێگەى خۆى لە پلەى چوارەمى ڕیزبەندى خولەکەدا جێگیرکرد.

گ . ف

 

Image