چاڤی سیمۆنس دەیەوێت یاری بۆ بەرشەلۆنە بکات

PM:09:57:08/05/2024

856 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چاڤی سیمۆنس دەیەوێت یاری بۆ بەرشەلۆنە بکات و ئەرکی گواستنەوەشی بۆ بەرشەلۆنە ئاسان دەبێت.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، چاڤی سیمۆنس، یاریزانی پاریس سانجێرمان کە بە خواستن یاری بۆ لایپزیگی ئەڵمانی دەکات، هەوڵدەدات بچێتە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، چاڤی سیمۆنسی هۆڵەندی خواستێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا ڕوو لە یانەی بەرشەلۆنە بکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو یاریزانە بڕگەیەکی لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە ڕێگەی پێدەدات ئەو تیپە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت بە خواستن یاری بۆ بکات، چاڤیش دەبێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ بەرشەلۆنە، لەبەر ئەوەی تەنیا تێچووی موچەکەی دەدەن.

یاریزانە تەمەن 21 ساڵەکە یەکێکە لە دەرچوانی لاماسیا و چاوڕێی ئەوەی لێدەکرێت لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە بگونجێت، لەم وەرزەشدا لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکە ئاستێکی بێ وێنەی پێشکەش کردووە، بەو پێیەی لە 41 یاریدا نۆ گۆڵ و 13 ئەسیستی هەیە.