وردەکاری گرێبەستە نوێیەکەی بەرشەلۆنە لەگەڵ یاریزانێکی مان سیتی

PM:04:30:02/12/2021

868 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕۆژنامەیەک وردەکاری گرێبەىستەکەى بەرشەلۆنە بۆ فیران تۆرێسی مانچستەر سیتی ئاشکرادەکات.

ڕۆژنامەى مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکرد، یانەى بەرشەلۆنە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گواستنەوەى تۆرێسی هێرشبەر لە مانچستەر سیتییەوە و لەو پێناوەشدا بڕی 50 بۆ 55 ملیۆن یۆرۆی بۆ خەرجدەکات و چاوەڕێی ڕەزامەندی بەرپرسانی مان سیتی دەکات تا گفتوگۆکان دەستپێبکات.

مۆندۆ ئەوەشی ئاشکراکرد، بەرشەلۆنە بۆ پێنج وەرز و تا هاوینی 2026 هێرشبەرەکەى مان سیتی بۆ کامپ نۆ دەگوازێتەوە و پێشبینیش دەکرێت کارگێری مان سیتی بە گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکەى بەرشەلۆنە ڕازی بێت و یاریزانە ئیسپانییەکەش لە مێرکاتۆی زستانەدا کەشی پریمەرلیگ بەرەو لالیگا بەجێبهێڵێت.

تۆرێس لە 2020 ڕووی لە مان سیتی کردووە و تا ئەم ساتەش لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداری لە 43 یاریدا کردووە بە تۆمارکردنی 16 گۆڵ و چوار ئەسیست و بەشداریش بووە لە بەدەستهێنانی دوو نازناو بۆ یانەکەى کە دیارترینیان پریمەلیگی وەرزی ڕابردوو بووە.