کارگێڕی نەسڕ گۆڕانکاری دەکەن و بنزیماش نامەی بۆ رۆناڵدۆ ناردووە

PM:09:33:10/02/2026

296 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کارگێڕی نەسڕ گۆڕانکاری دەکەن و بنزیماش نامەی بۆ رۆناڵدۆ ناردووە و پێراگەیاندووە لەگەڵ هیلال نازناوی زیاتر دەباتەوە.

گواستنەوەی کتوپڕی کەریم بنزیما بۆ یانەی هیلال بووەتە هۆی تەقینەوەی کێشەکان لە نێوان کریستیانو رۆناڵدۆ و بەرپرسانی خولی سعودیە، بەپێی راپۆرتەکان، بنزیما دوای پەیوەندیکردنی بە هیلال و تۆمارکردنی هاتریک لە یەکەم یاریدا، نامەیەکی تەنزئامێزی بۆ هاوڕێ کۆنەکەی، رۆناڵدۆ ناردووە و تێیدا باسی لەوەکردووە بە چوونی بۆ هیلال موچەیەکی زیاتر و نازناوی زیاتر بەدەسدەهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆناڵدۆ سێ ساڵە لەو وڵاتەیە و هێشتا هیچ نازناوێکی فەرمی نەبردووەتەوە.

ئەم نامەیەی بنزیما لە کاتێکدایە کە رۆناڵدۆ بە توندی نیگەرانە لە سیاسەتی سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە و پێی وایە جیاکاری لە نێوان یانەکان دەکرێت و هیلال و ئیتیحاد زیاتر پاڵپشتی دەکرێن.

بەهۆی ئەم ناڕەزایەتییانەوە، رۆناڵدۆ لە دوو یاری پێشووی نەسڕ ئامادەنەبوو، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، کارگێڕی نەسڕ بەڵێنی چاکسازیی گەورەیان پێداوە، لەوانە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی و دوورخستنەوەی سەرۆکی یانەکە، عەبدوڵا ماجد، کە لێدوانەکانی بووەتە هۆی تووڕەکردنی ڕۆناڵدۆ.

سەرەڕای ئەم بەڵێنانە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە کریستاینۆ رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵان لە کۆتایی وەرزدا بە یەک لایەنە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و لە نەسڕ بڕوات.