لێدوانی ئارتێا و کیڤۆ پاش یارییەکەیان

PM:01:14:21/01/2026

68 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئارتێتا دوپاتیکردەوە کار بۆ بەدەستهێنانی چامپیۆنز لیگ دەکەن و کیڤۆش دانیبەوەدانا ئارسناڵ باشتر بووە لەوان.

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسناڵ، دوای سەرکەوتنە گرنگەکەیان لە چامپیۆنز لیگ بەرامبەر ئینتەر میلان رایگەیاند، بۆ بردنەوە لە یاریگایەکی وەک سان سیرۆ، پێویستە ئاستێکی ناوازە پێشکەش بکەیت وەک ئەوەی تیپەکەی ئەمڕۆ ئەنجامی دا.

ئاماژەی بەوەش کرد، شەوی پێش یارییەکە بە باشی نەخەوتووە چونکە ترسی هەبووە رکابەرەکەی گۆڵیان لێ تۆمار بکات، بەڵام ئێستا بیر لە یاریی داهاتوویان دەکەنەوە کە تەنها سێ رۆژ دوای یارییەکەیان رووبەرووی مانچستەر یونایتد دەبنەوە.

راهێنەرەکە دەربارەی خەونی بردنەوەی نازناوەکە، بە گەشبینییەوە وتی: با چاوەڕێ بکەین، ئێمە لە مانگی ئایاردا لەوێ دەبین و دەرفەتمان دەبێت بۆ دروستکردنی شتێکی تایبەت، بە هەموو هێزێکمانەوە بۆ بەدیهێنانی خەونەکانمان دەجەنگین.

لەلایەکی ترەوە کیڤۆی راهێنەری ئینتەر میلان، بە ڕاشکاوی دانی بە باڵادەستی گەنەرزدا نا و رایگەیاند، ئارسناڵ لە رووی کوالێتی تەکنیکی، خێرایی، شەڕەنگێزیی وەرزشی و شێوازی هێرشبردن بۆ سەر بۆشاییەکان زۆر بەهێزتر بووە.

ئەو ئاماژەی بەوە کرد، پەشیمانی راستەقینەی ئەو بۆ ئەم یارییە نییە، بەڵکو بۆ دوو یارییەکەی پێشووترە بەرامبەر لیڤەرپوڵ و ئەتلەتیکۆ مەدرید، هەروەها بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو سەرکێشییانەی گرتە ئەستۆ کە ویستوویەتی بە شێوازێکی کراوە بەرامبەر هەر رکابەرێک یاری بکات.

وتیشی: واز لە سکاڵاکردن بهێنن کە سێ رۆژ جارێک یاری دەکەین، چونکە ئارسناڵیش هەمان خشتەی یارییەکانی ئێمەی هەیە و ئێمە تەنها نین لەم دۆخەدا؛ تەنانەت ئەگەر ناچار بین یاری پاشکۆشبکەین ئاساییە و دوو یاری زیاتر دەکەین، چونکە یانە گەورەکانی تریش لەوێ دەبن.