لێڤاندۆڤسکی لە سێ خولی جیاوازەوە داواکراوە

AM:10:44:01/01/2026

88 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆتایی لێڤاندۆڤسکی لە بەرشەلۆنە نزیک دەبێتەوە و یانەکانی سێ خولی جیاواز ململانێی گواستنەوەی دەکەن.

داهاتووی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی گۆڵکاری بەرشەلۆنە، دووبارە بووەتە سەردێڕی هەواڵە گەرمەکانی بازاڕی گواستنەوە، بەتایبەت کە گرێبەستی هێرشبەرە تەمەن 37 ساڵانەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی سپۆرت بێڵد، هەفتەیەک پێش بۆنەکانی سەری ساڵ، لێڤاندۆڤسکی و بەڕێوبەری کارەکانی، پینی زەهاوی، لە بەرشەلۆنە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی شیکاگۆ فایەری ئەمریکی کۆبوونەتەوە و ئەمریکییەکان دەیانەوێت ئەم ئەستێرەیە بکەنە بۆمبی ئەم وەرزەی خولی ئەمریکا.

جگە لە ئەمریکا، یانە دەوڵەمەندەکانی خولی سعوودیە بە پێشنیاری خەیاڵی و یانەی فەنەرباخچەی تورکیش بە فەرمی هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی، بەڵام لێڤاندۆڤسکی تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە و دەیەوێت لەژێر سەرپەرشتی هانسی فلیک تەنها سەرنجی لەسەر بەرشەلۆنە بێت و لە بەهاردا بڕیار لەسەر داهاتووی بدات.

هەرچەندە بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی تر بەهۆی قەیرانی دارایی بەرشەلۆنە لەئارادایە، بەڵام سەرچاوە نزیکەکان ئەگەری ڕۆیشتنی ئەم هێرشبەرە پۆڵەندییە لە ئیسپانیا بە ڕێژەی 60 بۆ 70 لە سەدا دەخەمڵێنن.