ئارتێتا: دڵنیام گیۆکیرێس گۆڵ تۆمار دەکات

PM:08:33:17/10/2025

92 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئارتێتا دوپاتیکردەوە ئاستی تیپەکەی بە ئەرێنی دەبینێت و دڵنیایە لەوەی گیۆکیرێس دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی گۆڵکردن.

پێش رووبەرووبوونەوەی فولهام، میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسناڵ وتی: زۆر شتی ئەرێنیم بینیوە لە تیپەکەم، ڕووبەڕووی هەندێک کێشە بووینەوە، ئەمەش ناچاری کردین توانای جەستەیی یاریزانەکان بەرز بکەینەوە، ئەوەمان بە باشی کرد، هەروەها پەرەمان بە هەندێک لایەن دا.

سەبارەت بە گیۆکیرێس وتی: زۆر دڵنیام گیۆکێرێس بەم زووانە دەست بە گۆڵکردن دەکات، پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵمان بکات پێم گوتبوو کە پێویستە چاوەڕێی قۆناغی سەخت بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، جارێکی دیکە سەیری یارییەکانم کردووەتەوە، زۆر دڵخۆشم بەو شتانەی کە دەیکات، لە یەکەم کۆبوونەوەماندا پێم وت، ژمارە نۆ کە من دەمەوێت کەسێکە کە بتوانێت بۆ شەش یان ھەشت یاری بەرگەی گۆڵ نەکردن بگرێت، ئەگەر نەتوانیت مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکەیت، دەبێت بچیتە شوێنێکی تر.

وتیشی: ئۆدیگارد هەفتەیەک لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی نییە، بەڵام بە باشی چاک دەبێتەوە، هاڤێرتزیش لە قۆناغی کۆتایی چاکبوونەوەیدایە.