ئارسناڵ ژمارەی کورسی یاریگاکەی زیاد دەکات

PM:11:57:08/10/2025

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یانەی ئارسناڵ ژمارەی کورسییەکانی یاریگای ئیمارات زیاد دەکات و بە شێوەیەکی کاتی یارییەکانی لە یاریگای وێمبڵی ئەنجامدەدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی تەلەگراف، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی دەیەوێت ژمارەی کورسییەکانی یاریگای ئیمارات لە 60 هازارەوە بۆ زیاتر لە 70 هەزار زیاد بکات.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، بەم کارەی، ئارسناڵ دەیەوێت داهاتێکی زیاتر لە رێگەی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانەوە بەدەستبهێنێت، بەو پێیەی بەراورد بە یانە گەورەکانی دیکە داهاتێکی کەمتری دەستدەکەوێت.

بەرپرسانی گەنەرز نیگەرانن لە کەمی داهاتی یانەکە بەهۆی فرۆشتنی بلیتەکانەوە، لەبەر ئەوە سەدان ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ژمارەی کورسییەکان زیاد بکەن.

تەلەگراف باسی لەوە نەکردووە کە بە دیارییکراوی کەی دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ژمارەی کورسییەکان دەکرێت، بەڵام روونیکردووەتەوە، تاوەکو نۆژەنکردنەوەی شوێنی هاندەران و زیادکردنی ژمارەی کورسییەکان، ئارسناڵ یارییەکانی لە یاریگای وێمبڵی ئەنجامدەدات.

بە دیارییکراوی ژمارەی کورسییەکانی یاریگای ئیمارات 60 هەزار و 700 کورسییە، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوە بۆ زیاتر لە 70 هەزار زیاد دەکرێت، بەمەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین یاریگاکانی جیهان.