PM:10:08:02/10/2025
172 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە یۆرۆپا لیگ رۆما بە لیل دۆڕا و
فەنارباخچە و ڤیکتۆریا پڵزن شکستیان بە نیس و مالمۆ هێنا.
لە یارییەکانی خولی دووەمی قۆناغی
کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگ، یانەی رۆمای ئیتاڵی میوانداری لیلی فەرەنسی کرد.
تایمی یەکەم، دوای تێپەڕینی شەش خولەک،
یانەی میوان ئەسپی خۆی تاودا و لە رێگەی یاریزان هاکان هارالدسن گۆڵی پێشکەوتنیان
تۆمارکرد، ئەو گۆڵەش بووە ناونیشانی نیوەی یەکەم.
لە تایمی دووەمدا، هەردوولا بە هاوسەنگی
دەبینران، لە خولەکی 80 یانەی رۆما هەلی
یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی لە رێگەی لێدانی سزا بۆ رەخسا، بەڵام دوای رووداوێکی
مێژوویی لەدەستیاندا.
سەرەتا دۆڤبیک چووە سەر تۆپ ئوزێری
گۆڵپارێزی لیل لێدانەکەی گەڕاندەوە، بەڵام بە بیانووی هاتنە ناو بۆکسی یاریزانی
لیل لێدانەکە دووبارە کرایەوە، ئەم جارەش دۆڤبیک جێبەجێی کردەوە و ئوزێری
لێدانەکەی گەڕاندەوە.
ناوبژیوان بە بیانووی هاتنە دەرەوەی
گۆڵپاریزە تورکەکەی لیل لە هێڵی گۆڵ بڕیاریدا بۆ سێیەم جار لێدانە سزاکە جێبەجێبکرێتەوە،
ئەم جارە ماتیاس سولێ هاتە سەر تۆپ و ئەویش لێدانەکەی لەدەستدا و ئوزێری بۆ سێیەم
جار تۆڕی گۆڵی لیلی پاراست.
سەرەنجام یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە
سودی لیل کۆتایی هات، بەم ئەنجامە لیل بە شەش خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە و رۆما
پلەی 15یە.
لە یارییەکانی دیکەی هەمان قۆناغیش فەنارباخچە
شکستی بە نیس هێنا، ڤیکتۆریا پڵزن بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە مالمۆی بردەوە، میرخاس
دۆسکی یاریزانی کوردی یانەی ڤیکتۆریا پڵزن لەو یارییەدا کارتی سوری پێدرا.