نەیمار دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوروپا بۆ یاریکردن

PM:10:31:10/02/2025

396 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نەیمار دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا بۆ یاریکردن و لاپۆرتاش مەرجی لەبارەی گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە داناوە.

ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی نەیمار بۆ بەڕازیل و پەیوەندی کردن بە یانەی سانتۆس، میدیاکانی بەڕازیل ڕایانگەیاند، ئەستێرەکە بەنیازە پێش مۆندیالی 2026 بگەڕێتەوە بۆ تۆپی پێی ئەوروپا.

هۆکاری خواستەکەی نەیمار ئەوەیە کە پێی وایە تەنها ئەگەر لە ئەوروپا یاری بکات چانسی بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل هەیە بۆ یارییەکانی مۆندیال.

خودی یاریزانەکەش لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، دەیەوێت لە مۆندیالدا یاری بکات، تەنانەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی کۆتایی ئەو پێشەنگایەتیکردنی هەڵبژاردەی بەرازیلە بۆ سەرکەوتن لە مۆندیالدا.

کاتێک باس لە گەڕانەوەی نەیمار بۆ ئەوروپا کرا، زۆرێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ یانەکەی پێشووی کە باشترین ڕۆژەکانی تۆپی پێی تێدا بەسەر بردووە ئەویش بەرشەلۆنەیە.

لە ئێستادا ڕۆژنامەی ئیل ناسیۆناڵیش بڵاویکردوەتەوە، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە بەڕێوبەری کارەکانی نێیمارەوە کردووە و ئاگاداری کردوەتەوە لە مەرجەکانی گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ یانە دڵخوازەکەی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لاپۆرتا دوو مەرجی بۆ یاریزانەکە داناوە، یەکێکیان ئەوەیە دەبێت لەگەڵ سانتۆس ئاستێکی بەرزپێشکەش بکات و بەرپرسانی یانەکە رازی بکات بە گەڕانەوەی، یەکێکیش تریش ئەوەیە لە بەشێکی مووچەکەی خۆشبێت و بە مووچەیەکی کەم ئامادەی گەڕانەوە بێت.