خولی ئەڵمانیا.. بایرن لە ڤۆڵفسبۆرگی بردەوە و پێشەنگی بەهێزتر کرد

PM:07:41:18/01/2025

96 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئەڵمانیا بایرن بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە ڤۆڵفسبۆرگی بردەوە و پێشەنگی بەهێزتر کرد.

لە یارییەکی هەفتەی 18ـی خولی ئەڵمانیا یانەی بایرن میونشن لە یاریگای ئالیانز ئەرینا میوانداری ڤۆڵفسبۆرگی کرد.

تایمی یەکەم، لە خولەکی 20 گۆرێتسکا گۆڵی یەکەمی یانە باڤاریەکەی تۆمارکرد، بەڵام دوای چوار خولەک محەمەد ئەمین ئەنجامەکەی بۆ یانەی میوان یەکسانکردەوە، هەر لەو تایمەدا و لە خولەکی 39 مایکل ئۆلیس دەرکەوت و بۆ دووەم جار بایرنی پێشخست.

لە تایمی دووەمدا، یارییەکە بەهێزی زیاتری بە خۆیەوە بینی و لە خولەکی 62 گۆرێسکا گۆڵی دووەمی و خۆی و سێیەمی یانەکەی نوسییەوە، هەرچەندە محەمەد ئەمین لە خولەکی 88 گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام دواجار بەو شێوەیە یارییەکە کۆتاییهات.

سەرەنجام بایرن میونشن یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە و بە کۆکردنەوەی 45 خاڵ پێگەی خۆی لە پێشەنگ بەهێزتر کرد، ڤۆڵفسبۆرگیش 27 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمە.

بیلال کاکە