ئایا ئیندریک لە ریاڵ مەدرید دەڕوات؟

PM:10:56:08/01/2025

256 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چەند یانەیەکی ئەڵمانی و ئینگلیزی هەوڵی گواستنەوەی ئیندریک دەدەن و ریاڵ مەدریدیش رەتیکردووەتەوە.

ئیندریک هێرشبەری لاوی بەرازیلی لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوودا لە یانەی پالمێراسی بەرازیلیەوە پەیوەندیکرد بە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیەوە بەڵام کەمترین خولەک بەشداری پێکراوە لەم وەرزەدا.

تۆڕی فیچاجێس بڵاویکردووەتەوە، چەند یانەیەکی پریمەر لیگ ماوەی چەند هەفتەیەکە چاودێری هێرشبەرە بەرازیلیەکە دەکەن و دەیانەوێت بە خواستنی شەش مانگ بیگوازنەوە تەنانەت ئامادەشن بە گرێبەستی هەمیشەیی پەلکێشی بکەن.

تۆڕەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئیندریک دەیەوێت چارەنووسی خۆی دیاریبکات و ئەگەری هەیە ئەمە وەک دەرفەتێکی باش ببینێت تا بتوانێت تواناکانی خۆی دەربخات و بچێتە یانەیەکی ئینگلتەرا.

دەشڵێت، جگە پریمەر لیگ، دوو یانەی خولی ئەڵمانیاش هەمان ئامانجیان هەیە و دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە ئیمزابکەن.

تۆڕەکە دوپاتیکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید بە هەموو شێوەیەک فرۆشتن یان دەستبەرداربوون بە شێوازی خواستن لە ئیندرک رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ئەو یاریزانە هێشتا لاوە و دەتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا زۆرترین سوودی هەبێت بۆ یانەکەیان.

ئیندریک لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەشداری 16 یاری کردووە لەم وەرزەی سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا و تەنها دوو گۆڵی تۆمارکردووە و یەک ئەسیستی هەیە.
خ . ک