PM:11:19:20/11/2024
208 جار خوێندراوەتەوە
+
-
کاساس بە نیازە لە جامی کەنداو پشت بە یاریزانانی یانەکانی عێراق ببەستێت تا تاقییان بکاتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026دا لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەیدایە و رێژەیەکی زۆری ئەو یاریزانانەش کە لە هەڵبژاردەکەدان پیشەگەرن و لە دەرەوەی عێراق یاری دەکەن.
لە نوێترین پێشهاتدا، پێگەی وین وین ئاشكرایکردووە، دوای گەڕانەوەی شاندی هەڵبژاردەی عێراق و گەیشتنیان بە بەغدا، خیسۆس کاساسی راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە گفتوگۆی لەگەڵ عەدنان دەرجالی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی وڵات کردووە.
ئەو پێگەیە ئاشكرایکردووە، راهێنەرە ئیسپانیەکە بە نیازە لە جامی کەندای داهاتوو کە لە مانگی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت پشت بەو یاریزانانە ببەستێت کە تا ئێستا هەلی کەمیان هەبووە بۆ یاریکردن.
ئاماژەی بەوەشداوە، کاساس داوای لە دەرجال کردووە بە ماوەیەک پێش دەستپێکردنی جامی کەنداو خولی ئەستێرەکانی عێراق رابگیرێت تا بتوانێت تاقیکردنەوە بە زۆرترین یاریزانانی ئەو خولە بکات و رێژەیەکی زۆریان ئامادەبکات بۆ بەشداریکردن لەو جامە.
رونیشیکردووەتەوە، ئەو راهێنەرە بە نیاز نییە ئەستێرەکانی ئێستای هەڵبژاردەکەی بەشداری پێبکات لە جامە کەنداو بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا خولەکان راناگیرێت، لەبەرئەوە دەیەوێت زۆرترین یاریزانی یانەکانی عێراق بەشداری پێبکات و ئاستیان تاقییبکاتەوە بۆ یارییەکانی ساڵی داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026.
خ . ک