ناداڵ بە گریانەوە ماڵئاوایی لە ژیانی وەرزشی کرد

PM:04:05:20/11/2024

148 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاش کرانە دەرەوەی ئیسپانیا لە جامی دەیڤس، نادال ماڵئاوای لە یاری تێنس کرد و وتارێکیشی پێشکەش کرد.

ڕافایل نادال دوا وتاری خۆی وەک یاریزانێکی پیشەگەری تێنس لە یاریگای مارتن کارپێنا پێشکەش کرد، ئەفسانە تەمەن 38 ساڵانەکە کە دوێنێ دوا یاری ژیانی پیشەگەری ئەنجامدا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئیسپانیا پاش ئەوەی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی دەیڤس لەلایەن هۆڵەندا کرانە دەرەوە و ماڵئاوایانکرد.

پاش یارییەکە نادال رایگەیاند، سوپاسی هەمووان دەکات کە ماوەی 20 ساڵ پشتگیریان کردووە و هانیانداوە، دڵخۆشە لە ئیسپانیا و تەواوی جیهانەوە هەواداری هەیە، ئەویش هەموو توانایەکی خۆی پێشکەش کردوون.

باسی لەوەشکرد، ساتێکی ناخۆشە بۆ ئەو، چونکە لە یاریکردنی تێنس بێزارنەبووە بەڵام چیتر لاشەی یاوەری ناکات بۆ یاریکردن، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکات وەرزشەکەیان لە لوتکە هێشتوەتەوە و گرنگی بە تێنس دەدەن.

وتیشی: بە تایبەتی سوپاسی خێزانەکەم دەکەم کە هەرگیز بە تەنیا جێیان نەهێشتم، ئەوان لەگەڵ من بوون کاتێک شتەکان مەحاڵ بوون، داهاتوو ئاسانتر دەبێت بۆ من، خێزانێکی گەورەم هەیە کە لە هەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانەمدا یارمەتیم دەدەن، کەسێکی خۆشبەخت بووم چونکە منداڵی لادێیەکی مایۆرکا بووم بەڵام بەهۆی مامەوە بوومە یاریزانێکی تێنس.

لە کۆتایدا نادال سوپاس و ستایشی هەموو رکابەرەکانی کرد، ئەوانی بە هۆکاری سەرکەوتنی لە ژیانی پیشەگەریدا زانی و هیواشی خواست لە داهاتوودا وەک کەسێکی باش و مرۆڤێکی باش یادیبکرێتەوە.