عەلی جاسم لە هەژاریەوە بۆ لووتکە

PM:04:00:26/07/2024

272 جار خوێندراوەتەوە

+ -

عەلی جاسم ئەو لاوەی سەرەتا لەلایەن یانەکانی عێراقەوە پشتگوێ خرا بەڵام بە ئاستەکەی سنورەکانی وڵاتەکەی تێپەڕاند و گەیشتە ریزی گەورەکانی ئیتاڵیا.

عەلی لە ماڵێکی هەژاری شاری بەغدا لە دایک بووە و بەبێ باوکی گەورە بووە لەبەر ئەوەی کورە گەورەی ماڵ بووە هەربۆیە دایک و خوشک و براکانی هیوای تەواوییان پێی هەبووە تاوەکوو لە هەژاری دەربازییان بکات.

عەلی لە لاوانی یانەی نەفتی عێراقی دەستی بە یاریکردن کردووە و پاشان چووە یانەی کەرخ و یەکەم یاری لە ساڵی 2018 بۆ تیپی یەکەمی یانەکە لە خولی عێراقی ئەنجامدا.

عەلی کاتێک تەمەنی 17ساڵان بوو پەیوەندی بە یانەی شورتەی عێراقیوە کرد بەڵام یانەکە متمانەیان بە تواناکانی نەبوو هەر بۆیە پێیان راگەیاند کە تۆمان ناوێ بەم شێوەیەش زۆر بێهیوا بوو چونکە یانەکە ئامادە نەبوو مافی دەست بەرداربوون بە یاریزانەکە بدات تەنها ئامادەبوون بە خواستن بیدەنە یانەیەکی تری عێراقی بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ یانەیەک تواناکانی ئەم گەنجەی بۆ دەرنەکەوتبوو ئامادەنەبوون بە خواستن بیگوازنەوە بەمەش یاریزانەکە چەندین مانگی بەبێ یانە بەسەربرد.

بەڵام پاش ئەو رووداوە ناخۆشانە خودا دەرفەتێک دەخاتە بەردەم عەلی و یانەی قاسم گرێبەستی پێشکەش دەکەن بەمەش ئەم لاوە عێراقییە ئەسپی خۆی تاو دەدات و دەدرەوشێتەوە و تا دواتر گەیشتە ئاستێک لە 13 تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 یەکەم یاری خۆی بۆ هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامدا.

پاشان ئەستێرە لاوەکە لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین لە جامی ئاسیا درەوشایەوە و سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا، وە خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی جامەکەشی پێبەخشرا، ئەمەش وایکرد چەندین یانەی گەورەی ئاسیایی گرێبەستی پێشکەش بکەن بەڵام لە پێناو خەونەکەی منداڵی و گەیشتنی بە خولە ئەوروپییەکان هەموویانی رەتکردەوە.

دواتر عەلی جاسم دووبارە لەگەڵ نیشتیمانەکەی درەوشایەوە بەڵام ئەمجارە لە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان، کە توانی تێیدا ببێتە ئەسیستکاری پاڵەوانێتییەکە و پلەی سێیەمیشان لەگەڵ بەدەستبهێنت و بلیتێکی ئۆڵۆمپیاد مسۆگەر بکەن.

ئەم چەند هەفتەی کۆتایش باشترین ساتەکانی لاوە عێراقییەکە بوو چونکە گرێبەستی لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵی واژۆکرد و وەرزی داهاتووش لە سێریا ئەی یاریدەکات و بەمەش خەونەکەی منداڵی بەدیهێنا. وە لە یەکەمین یاری ئۆڵۆمپیادی پاریسییش توانی سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی بکات و گۆڵی سەرکەوتن بەرامبەر ئۆکرانیا تۆماربکات.