مۆنتێلا: گولەر جیاوازی درووست دەکات لە یاریگادا

AM:12:10:02/07/2024

260 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مۆنتێلا دوپاتیکردەوە پشتگیری هاندەران زۆر گرنگە بۆیان و باسی لە گولەر و هاکانیش کرد.

پێش روبەڕوبوونەوەی نەمسا، مۆنتێلای راهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا رایگەیاند، نابێت ڕێگە بدەن هەستەکانیان کاریگەرییان لەسەریان هەبێت، بیر لەوە ناکەنەوەی تۆڵەی دۆڕانەکەیان بکەنەوە کە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک تووشی شکست هاتن لە پێش یۆرۆ، وە دەزانن نەمسا توانای چی هەیە بەڵام لە تواناکانی خۆشیان دڵنیان.

باسی لەوەشکرد، هاندەران بە شێوەیەکی زۆر باش پشتگیریان لێکردوون و دڵنیاشە بەوشێوەیە بەردەوام دەبن، وە پێشی وایە تا ئێستا لە رووی گۆڵکردن و کۆنترۆڵی تۆپەوە زۆر باشن و دەبێت بەو شێوەیەش بەردەوام بن.

سەبارەت بە گولەریش وتی: ئاردا یاریزانێکی زۆر بەتوانایە، هەندێک بوار هەیە کە پێویستە پێشبکەوێت، هەست بە جیاوازی دەکەیت کاتێک لە یاریگادایە و یاریزانێکی جیاوازە.

دەربارەی یارینەکردنی هاکانیش نەیشاردەوە یاریزانێکی جێگرەوەیان نییە بۆی بەهۆی بەرزی ئاستیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانیان هەیە و هەوڵەدەن جێگای کاپتنەکەیان پێ پڕبکەنەوە بەرامبەر نەمسا.