یانەکانی سعودییە دەست لەسەر کاسیمیرۆ هەڵناگرن

PM:11:51:03/07/2024

236 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یانەکانی سعودییە دەست لەسەر کاسیمیرۆ هەڵناگرن و دەیانەویت وەرزی داهاتوو پەلکێشی خولی رۆشەنی بکەن.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایان کرد، یانەکانی سعودی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی کاسیمیرۆی بەڕازیلی و یاریزانی مانچستەر یونایتد و هێشتا بێ هیوا نەبوونە لە گواستنەوەی.

کاسیمیرۆ دەیەوێت پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ یونایتد جێبهێڵێت، دوای ئەوەی دوو وەرزی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان بەسەر برد، سکای سپۆرتیش لە نوێترین بڵاوکراوەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە یاریزانە تەمەن 32 ساڵانەکە لە ئێستادا لە لایەن یانەکانی سعودیەوە گرنگی پێدەدرێت.

پێشتر و پێش ئەم هەواڵەش ناوی کاسیمیرۆ بە چوونی بۆ خولی سعودییە و یانەی نەسڕ دەبەسترایەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هاوڕێی پێشووی لە یانەی ڕیال مەدرید، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، هەروەها ئەلێکس تێلێس، یاریزانی پێشووی یونایتد یاری بکات.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوبەرانی یونایتد چاوەڕێی رۆیشتنی ئەستێرە بەڕازیلییەکەن بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ گواستنەوەی یاریزانێک بۆ جێگرتنەوەی، وە ناوی جواو گۆمێزی یاریزانی وۆڵڤەرهامپتۆن بە یانەکەوە دەبەسترێتەوە.

وەرزی ڕابردوو کاسیمیرۆ 32 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامدا لەگەڵ شەیتانە سورەکان، لەو ماوەیەدا پێنج گۆڵی تۆمارکرد و سێ گۆڵی دیکەشی بۆ هاوڕێکانی درووست کرد.