شاو گەڕاوەتەوە راهێنانە بە کۆمەڵەکانی ئینگلتەرا

PM:11:52:27/06/2024

84 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شاو گەڕاوەتەوە مەشق و راهێنانە بە کۆمەڵەکانی ئینگلتەرا و دەتوانێت لە یاری داهاتووی هەڵبژاردەکەی بەشداری بکات.

بە بڕیاری گاریس ساوسگەیت، لۆک شاو خرایە لیستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 2024 ، بەڵام بەهۆی ئازار و کێشە لە رانیدا، نەیتوانی بەشداری هیچ کام لە یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بکات.

ئەم یاریزانە تەنانەت بۆ ماوەیەک بە تەنیا مەشقەکانی دەکرد و بەشداری راهێنانە بە کۆمەڵەکانی هەڵبژاردەکەی نەدەکرد، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی زۆرێک لە هاندەران لەوەی کە ناتوانێت لە هیچ کام لە یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یۆرۆ یاریبکات.

بەڵام دۆخەکە بۆ بەرگریکارە ئینگلیزەکە گۆڕا و توانی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە بەشداری مەشقە بە کۆمەڵەکانی هەڵبژاردەی سێ شێرەکان بکاتەوە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کەی دەتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی یاری بکات، بە متمانەیەکی تەواوەوە وتی یاری داهاتوو.

ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆشە بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، هەرچەندە ئەگەری زۆرە لە یارییەکەی بەرامبەر سلۆڤاکیا لە قۆناغی 16ی یۆرۆی 2024 لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت، بەو پێیەی لە مانگی شوباتەوە یاریی نەکردووە، بەڵام ڕاهێنەری ئینگلتەرا دەتوانێت وەک یاریزانی جێگرەوە پشتی پێببەستێت.