پێنج ئەستێرە نزیکن لە جێهێشتنی خولی سعودییە

PM:10:16:25/06/2024

356 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پێنج ئەستێرە کە لە خولە جیاوازەکانی ئەوروپاوە روویان لە سعودییە کرد نزیکن لە جێهێشتنی وڵاتەکە.

هاوینی ڕابردوو سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە توانی چەندین ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان بگوازێتەوە بۆ خولی وڵاتەکە ، لەوانە ڕۆبێرتۆ فیرمینۆ، نەیمار دا سیلڤا، نگۆلۆ کانتێ، کەریم بنزیمە و ڕیاز مەحرەز و چەندانی تر.

بەڵام سەرەڕای ئەو بڕە پارە زۆرەی کە سندوقی وەبەرهێنان لە هاوینی 2023دا بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکان خەرجی کرد، بەشێکیان نەیانتوانی ئەو ئاستە چاوەڕوانکراوە پێشکەش بکەن و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سعودیە دوای یەک وەرز دەرگای دەرچوونیان بۆ بکاتەوە.

دیارترین یاریزان کە نزیکە لەم هاوینەدا خولەکە جێبهێڵێت ڕۆبێرتۆ فیرمینۆی یاریزانی یانەی ئەهلیە، فێرمینۆ وەرزی ڕابردوو نەیتوانی دڵی هاندەرانی یانەی ئەهلی ڕازی بکات و چەند گۆڵێکی کەمی تۆمارکرد، ئەو پرسەش وایکردووە یانەکە هەوڵی بەڕێکردنی ئەستێرەکە بدەن.

هەروەها مێریح دەمیرال، بەرگریکاری تورکیا، یاریزانێکی ترە کە وەرزی ڕابردوو ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد، هەربۆیە یانەی ئەهلی ئامادەیە بیفرۆشێت بە تیپێکی تر ئەگەر ئۆفەرێکی گونجاویان پێبگات.

ڕێنان لۆدی بەرگریکاری چەپی بەڕازیلی یانەی هیلال، یەکێکیترە لەو یاریزانانەی کە نەیتوانی ئاستی پێویست پێشکەش بکات و لە لێواری ڕۆیشتندایە لە یانەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودییە.

هەروەها سێکۆ فۆفانای یاریزانی نەسڕ و جۆتای یاریزانی ئیتیحاد دوانی تر لەو یاریزانانەن کە وەرزی داهاتوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە خولی سعودییە جێدەهێڵن بەهۆی پێشکەش نەکردنی ئاستێکی باشەوە.

سندوقی وەبەرهێنانی سعودیەش پلانی هەیە چەند ئەستێرەیەکی تر بهێنێتە خولەکە دوای جێهێشتنی ئەو یاریزانانە تا بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی تۆپی پێی وڵاتەکە.