زیدان مەرجی پەیوەندی کردنی بە بایرن میونشن ئاشکرا کرد

PM:08:55:19/04/2024

10344 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زیدان بە مەرجی بەهێزکردنی پێکهاتەکەیان پەیوەندی بە بایرن دەکات، بەڵام فێربوونی ئەڵمانی لا قورسە و ئارەزوی مان یونایتدیش دەکات.

ماڵپەڕی فۆت مێرکاتۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، لەم دواییانەدا بە راشکاوی ناوی زیدان باسکراوە، بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی تۆماس توخێلی ڕاهێنەری ئێستای یانەی بایرن میونشن بێت.

لای خۆشیەوە مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ دوپاتیکردووەتەوە، زیدان لاری لەوە نییە ببێتە راهێنەری یانە باڤارییەکە بەڵام مەرجی تایبەتی خۆی هەیە.

جەختی لەوە کردووەتەوە، راهێنەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ بایرن میونشن نەگەیشتووەتە رێککەوتنی فەرمی بەڵام داوای لێکردوون ئەگەر پەیوەندیان پێوە بکات دەبێت پێکهاتەکەیان بەهێزتر بکەن.

لای خۆیەوە لیکیپی فەرەنسی ئاشکرای کردووە، رەنگە بەربەست لە گرێبەستی نێوان زیدان و یانە ئەڵمانییەکە دروست ببێت، بەو هۆیەی فێربوونی زمانی ئەڵمانی بەلاوە قورسە، هەورەها مەیلی بوون بە راهێنەری مان یونایتدیش دەکات.

زیدان لە 221 یاری راهێنەری ریال مەدرید بووە، لەو ماوەیەدا 140 بردنەوە و 48 یەکسانبوون و 33 دۆڕانیان تۆمار کردووە، یانەی شاهانە لەو ماوەیەدا 468 گۆڵی تۆمارکردووە و 211 گۆڵی لێکراوە.