PM:03:07:05/09/2025
96 جار خوێندراوەتەوە
+
-
برۆنۆ هێنریکی ئەستێرەی فلامینگۆ بەهۆی گرەوکرنەوە 12 یاری سڕکردنی بەسەردا سەپێنرا.
دادگای باڵای دادپەروەری وەرزشی لە بەرازیل سزای راگیرانی بۆ ماوەی 12 یاری بەسەر برۆنۆ هێنریکی هێرشبەری فلامینگۆ سەپاند، ئەو هێرشبەرە لە ساڵی 2023 لە یارییەکەی بەرامبەر سانتۆسدا بەهۆی ئەوەی بەپێچەوانەی ئەخلاقی وەرزشی مامەڵەی کرد سزادرا، کە تیایدا بە ئەنقەست هەوڵیدا کارتی زەرد وەربگرێت.
رووداوەکە کاتێک دەستی پێکرد کە چەند کەسێکی نزیکی یاریزانەکە گرەویان لەسەر ئەوەکرد کارتی زەرد وەبگرێت، پۆلیسی فیدراڵی بەڕازیل لە مانگی ئابی 2024 دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد و دوای سێ مانگ، برۆنۆ هێنریکی و کەسوکارەکەی کرانە ئامانج بۆ لێپرسینەوە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا پۆلیسی فیدراڵی برۆنۆ هێنریکی بە ساختەکاری وەرزشی تۆمەتبار کرد، و لێکۆڵینەوەی لە نزیکەکانی یاریزانەکەش کرد کە تۆماتبارکرابوون بە گرەوکردن.
دادگاییکردنی ئەو دۆسیەیە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدرا و نزیکەی هەشت کاتژمێری خایاند، برۆنۆ هێنریکی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە دادگا ئامادەبوو و دانی بە تاوانەکەیدا نا.
بەپێی هەواڵێکی گڵۆبۆ سپۆرت، فلامینگۆ بەنیازە تانە لە بڕیارەکە بدات، لەکاتێکدا تانەدانەکە تاوتوێ دەکرێت، یانەکە داوای ڕاگرتنی سزای یاریزانەکە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە یاریکردن تا بڕیاری کۆتایی دەدرێت.
برۆنۆ هێنریکی ئەفسانەی فلامینگۆیە، لە ساڵی 2019ەوە لەگەڵ یانەکەیدایە، 10 نازناوی لەگەڵ بەدەستهێناون و خاوەنی 102 گۆڵە لە 320 یاریدا.