وردەکاری گرێبەستە خەیاڵییەکەی نیوان ئیزاک و لیڤەرپوول بزانە

PM:11:51:01/09/2025

456 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئیزاک پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کرد و بووە گرانبەهاترین گرێبەست لە مێژووی پریمەر لیگ.

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لە دواساتەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، بۆمبێکی تەقاندەوە و گواستنەوەی ئەلێکساندەر ئیزاک، هێرشبەری سویدی، لە یانەی نیوکاسڵ یونایتدی هاونیشتیمانییەوە راگەیاند.

لیڤەرپوول لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆشحاڵین بە واژۆکردنی گرێبەستێکی درێژخایەن لەگەڵ ئیزاک، یاریزانەکە لەگەڵ پاڵەوانی پریمەر لیگ درێسی ژمارە نۆ دەپۆشێت.

بە گوێرەی سەرچاوە ئینگلیزییەکان، گرێبەستی هێرشبەرە سویدییەکە لەگەڵ ریدز تا هاوینی 2031 درێژدەبێتەوە، هەروەها تێچووی گرێبەستەکە بڕی 130 ملیۆن پاوەندە.

گواستنەوەی ئیزاک بۆ لیڤەرپوول بووە گرانبەهاترین گرێبەست لە مێژووی پریمەر لیگ، لەگەڵ ئەوەشدا سێیەم گرانبەهاترین گرێبەستی مێژووە، لەدوای گواستنەوەی کیلیان مباپێ و نەیمار دا سیلڤا بۆ پاریس سان جێرمان.

ئیزاک دوای پەیوەندییکردنی بە رێدز وتی: گەشتێکی دوور و درێژ بوو تاکو گەیشتمە ئێرە، تەنها دڵخۆشم کە تەواو بووە و دەتوانم بگەڕێمەوە سەر کارەکەم، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بینینی هاوڕێکانم و هاندەرانم.

ئەستێرە تەمەن 25 ساڵەکە، بە درێسی نیوکاسڵ 109 یاریی ئەنجامداوە، سەرکەوتوو بووە لە تۆمارکردنی 62 گۆڵ و 11 ئەسیست، نرخی دیارییکراوی لە بازاڕی گواستنەوە 120 ملیۆن یۆرۆیە.