میسى: بەشدارى جامى جیهانى 2026 ناکەم

PM:04:41:13/06/2023

1436 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسى لەو باوەڕەدا نییە بەشدارى مۆندیالى 2026 بکات و پێشیوایە گواردیۆلا باشترین ڕاهێنەرە لە جیهاندا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى تیتان سپۆرتى چینى، لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى یاریزانى نوێى یانەى ئینتەر میامى ئەمریکى ئاماژەى بەوەکرد، پێیوانییە بەشدارى لە جامى جیهانى 2026 بکات و جامى جیهانى 2022ى قەتەر بە دوایین مۆندیالى خۆى دەزانێت.

میسى دەڵێت "دواتر دەبینین شتەکان چۆن دەڕۆن، بەڵام بەشێوەیەکى سەرەتایى نەخێر، بەشدارى جامى جیهانى داهاتوو ناکەم".

میسى لە بارەى خەڵاتى تۆپى ئاڵتونى 2023وە، کە ساڵانە لەلایەن گۆڤارى فرانس فوتبۆڵى فەڕەنسییەوە دەبەخشرێتە باشترین یاریزانى جیهان دەڵێت "ئەگەر بەدەستى بهێنم شتێکى باشە، ئەگەر ئەوەش ڕووینەدا ئەوا شتێکى ئاساییە، لەم قۆناغەى کاروانەکەمدا تۆپى ئاڵتون ئیتر گرنگ نییە، هەمیشەش وتوومە خەڵاتە تاکیەکان گرنگنین بەلامەوە بەرامبەر بە نازناوە بەکۆمەڵەکان، باشترین خەڵات لە ئێستادا جامى جیهانییە، بەلاى منەوە مەزنترینە".

میسى لە وەڵامى پرسیارێکى تردا باس لەوەشدەکات، تا ئێستا پەیوەندى لەگەڵ گواردیۆلاى ڕاهێنەرى مانچستەر سیتى هەیە و دەڵێت "بردنەوەى چامپیۆنز لیگ لەم دواییانەدا سەلماندى گواردیۆلا باشترین ڕاهێنەرى جیهانە و شایستەى ئەو نازناوە بوو".

میسى لە ئێستادا سورە لەسەر ئەوەى دواى وازهێنان لە یاریکردن کارى ڕاهێنان نەکات و نایەوێت لە داهاتوودا ببێت بەڕاهێنەر، بەڵام بۆى ڕوون نییە کە ئایا ئەم بیرۆکەیەى دەگۆڕێت یان نا.

گ . ف

Image