سەردێڕ:

هاتوچۆ: رێگەی كەلار - كفری هێمای هاتوچۆی بۆ دانەنراوە

PM:02:21:25/12/2021

2408 جار خوێندراوەتەوە

هاتوچۆی گەرمیان كردنەوەی رێگەی كەلار - كفری لە ئیدارەی گەرمیان بەبێ دانانی هێما و نیشانەی هاتوچۆ بە مەترسیدار لە قەڵەم دەدات.


عەبدولرەحمان زەهاوی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە كردنەوەی رێگەی كەلار - كفری ئەوان وەک هاتوچۆی گەرمیان ئاگادار نەكراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبوو بەڵێندەری پرۆژەكە نیشانە و هێمای بۆ ئەو رێگەیە دابنایە، بەڵام بەكاری خۆی هەڵنەستاوە."

باسی لەوەشکردووە، "ماوەی دوو رۆژە رێگەی جووت سایدی كەلار - كفری كراوەتەوە و بووتە هۆكاری نزیككردنەوەی رێگاکە، بەڵام دانەنانی هێما و نیشانەکانی هاتوچۆ مەترسییە بۆ سەر ژیانی شۆفێران و هاوڵاتییان."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای کەلار - پەروێزخان بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. 

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ساڵانە لە سنوری گەرمیان زیاتر لە ٣٠٠ هاوڵاتی بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە دەبنە قوربانی.

رووداوەکانی ھاتوچۆ بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە ھەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە ھەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی ھاتوچۆوە ھەیە.

بڕیار جاف، گەرمیان













گەلەری